په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد: دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پێگه‌ی هه‌رێمی لاوازكرد


وێستگه‌نیوز-
په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پێگه‌ی هه‌رێمی لاوازكرد، ده‌شڵێت: "پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن و خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان ببێته‌ وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".


كاروان یاروه‌یس په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و كێشه‌ سیاسیه‌ ناوخۆییه‌كان پێگه‌ و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانیان لاوازكرد".

وتیشی‌: "شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوی پرۆسه‌ی سیاسی، نه‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ و نه‌ ده‌ستپێشخه‌ری و جوڵه‌ی سیاسی هه‌یه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "هه‌ڵبژاردن؛ ده‌رفه‌تی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌رفه‌تێكیشه‌ بۆ ئه‌زموونی دیموكراسی، به‌و مه‌رجه‌ی لایه‌نه‌كان به‌ گووتاری نیشتمانی ودوور له‌ ته‌شه‌نوجی سیاسی و زمانی زبڕ و توندوتیژی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێ".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن و خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان بكاته‌ وێستگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌گژاچوونه‌وه‌ی فه‌سادی ئیداری و بنیادنانی دامه‌زراوه‌یی نیشتمانی كه‌ نیمانه‌ تائێستا".

كاروان یاروه‌یس راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "خه‌ڵكی كوردستان ماندووی ده‌ستی قه‌یرانی مووچه‌ و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانن، بۆیه‌ واباشه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و كه‌شی پێش بانگه‌شه‌ و تای هه‌ڵبژاردن كه‌شێك نه‌خوڵقێنێ هێنده‌ی تر خه‌ڵك بێزار بكات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ن خه‌ڵك ئاشت بكه‌نه‌وه‌".

دوای‌ چه‌ند جارێك دواخستن، دواجار سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 20ی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ئه‌مساڵی‌ وه‌ك رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاریكرد.


PM:02:40:28/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت