دادگای فیدراڵی بۆ سكاڵایه‌ك له‌سەر نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كۆده‌بێته‌وه
وێستگه‌نیوز –
بڕیاره دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان له سكاڵایه‌كی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری ناوخۆ سه‌باره‌ت به رێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره عێراقییه‌كان بۆ شوێنه‌كانی خۆیان كۆببێته‌وه.
به‌پێی خشته‌ی كاره‌كانی، رۆژ یه‌كشه‌ممه 30ی حوزه‌یران دادگه‌ی باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی تر سه‌باره‌ت به سكاڵایه‌كی ئیڤان فایه‌ق، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق ئه‌نجام ده‌دات له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و رێبه‌ری ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان.
وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له سكاڵاكه‌یدا داوایكردووه ئه‌و سێ به‌رپرسه باڵایه‌ی هه‌رێم په‌یوه‌ست بكرێن به داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره 24007ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له باره‌ی داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان.
تا ئێستادا دوو بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ داخستنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان له هه‌رێم ده‌ركراوه كه یه‌كه‌میان 30ی حوزه‌یرانی د‌یاریكردبوو، به‌ڵام بڕیاری دواتر كه تایبه‌ت بوو به میكانیزمی داخستنیان واده‌كه‌ی بۆ 30ی ته‌ممووز درێژكرده‌وه.
له ئێستادا زیاتر له 28 هه‌زار ئاواره له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هه‌ر ئاواره‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران چوار ملیۆن دینار و سێ ئامێری ناو ماڵی ده‌داتێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 30 ته‌ممووز نه‌گه‌ڕێنه‌وه ئه‌و هاوكارییه‌یان نادرێتێ.
پێشتر ئیڤان فایه‌ق، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق رایگه‌یاندبوو كه "ژماره‌ی ئه‌و خێزانه ئاوارانه‌ی تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان ده‌گاته 28 هه‌زار خێزان و سه‌رجه‌میان له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن".
وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق ده‌ڵێت: "كاركردن به‌رده‌وامه بۆ داخستی كه‌مپه‌كانی پارێزگای سلێمانی به‌ته‌واوه‌تی تاوه‌كو 30ی ئه‌م مانگه، ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی له كه‌مپه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ن ده‌گاته 3 هه‌زار خێزان".
وتیشی: "به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه ئاواره‌كان له كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر له ئێستادا قورسه، چونكه رێگه به كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان نادرێت بچنه ئه‌و كه‌مپانه".
PM:02:20:28/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 2024
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت