عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: بێده‌نگی حكومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێم به ئه‌ندازه‌ی له‌شكركێشیه‌كه‌ی توركیا مه‌ترسیداره
وێستگه‌نیوز-
عه‌لی حه‌مه ساڵح په‌رله‌مانتاری پێشوو و سه‌رۆكی ره‌وتی هه‌ڵوێست رایده‌گه‌یه‌نێت كه بێده‌نگی حكومه‌ته‌كانی عێراق و هه‌رێم و هێزه‌كان به‌رامبه‌ر له‌شكركێشیه‌كه‌ی توركیا به ئه‌ندازه‌ی له‌شكركێشیه‌كه مه‌ترسیداره، ده‌شڵێت: "ئه‌م ئاگره‌یان مه‌ترسیداره".
عه‌لی حه‌مه ساڵح بابه‌تێكی له‌ژێر ناوی "ئه‌م ئاگره‌یان مه‌ترسیداره، 75% خاكی دهۆك، فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، مه‌ترسی هه‌ولێر!" بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له‌سه‌ره‌تادا عه‌لی حه‌مه ساڵح ده‌رباره‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی نووسیویه‌تی: "تۆمه‌تی ڕۆژنامه‌ی یه‌نی شه‌فه‌قی توركی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، كه ده‌ڵێ: به‌كاردێت بۆ گواستنه‌وه‌ی درۆن و ڕۆكێتی ئێرانی و ئه‌مریكی بۆ په‌كه‌كه و شه‌ڕڤانان، تۆمه‌تێكی جدی و مه‌ترسیداره‌و ئه‌مه ئاماژه‌یه!".
ده‌شڵێت: "به‌داخه‌وه ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم هه‌م ئه‌م تۆمه‌ته ڕه‌تبكاته‌وه، هه‌م كاری جددی له‌سه‌ر بكات و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان بانگهێشتی فڕۆكه‌خانه‌كه بكات بۆ چاودێری و ئه‌مریكاش بخاته ژێر به‌رپرسیاریه‌تی! به‌داخه‌وه حكومه‌ت بێده‌نگ بوو، زۆر ده‌زگای میدیا هه‌مان بابه‌ت بڵاوده‌كه‌نه‌وه!".
جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه كه "ئێستاش گرنگ و پێویسته، پێش ئه‌گه‌ری بۆردومان (ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش بێت) كاری جددی له‌سه‌ر بكرێت".
عه‌لی حه‌مه ساڵح پێیوایه كه "دهۆك، ئامانجه گه‌وره‌كه‌ی توركیا"یه و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "ماوه‌ی (12رۆژه) توركیا سه‌رقاڵی له‌شكر كێشیه و هێزێكی زۆره بۆ سنووری هه‌رێمی كوردستان..".
نووسیویشیه‌تی: "300 تانك و زریپۆشی سوپای توركیا داخڵی گونده‌كانی، ئوره، سه‌ره‌ڕۆ، ئه‌رادنا، كێسته، چه‌لكێ و بابیرێ بوون. له‌ماوه‌ی 5 ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر له 1000 سه‌ربازی تورك له نێوان باره‌گای سه‌ربازی گرێ باروخ (كه گه‌وره‌ترین باره‌گای سه‌ربازی توركیایه و له ساڵی 1997ه‌وه له‌ناو خاكی هه‌رێمدا دروستكراوه) و چیای مه‌تینا له پشتی ناحیه‌ی بامه‌رنێ هاتووچۆ ده‌كه‌ن".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "سوپای توركیا له به‌ره‌به‌یانی 25ی حوزه‌یرانه‌وه خاڵێكی پشكنینی له‌نێوان گونده‌كانی بابیرێ و كانی به‌لاڤێ جێگیركردووه و هه‌ر هاووڵاتییه‌كی مه‌ده‌نی له‌و ناوچه‌یادا هاتووچۆ بكات، ناسنامه‌ی عێراقی لێوه‌رده‌گیرێت و دوای پشكنینی ناسنامه‌كه‌ی ڕێگه‌ی پێده‌درێت كه بڕوات".
عه‌لی حه‌مه ساڵح پێیوایه كه "له ئێستادا توركیا ده‌یه‌وێت، له ناحیه‌ی شیلادزێوه بۆ قه‌زای باتیفا هێڵێكی ئه‌منی بكێشێت. هێڵه‌كه به ناحیه‌ی دێره‌لووك و بامه‌ڕنێ و بێگۆڤادا تێپه‌ڕده‌بێت و به‌مه‌ش هه‌موو گوند و شاره‌دێ و زنار و زه‌وی و دۆڵ و خاك و ئاوی پشتی ئه‌م هێڵه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سه‌ربازی توركیادا بێت و ئه‌گه‌ر هه‌ر پێكدادانێكیش له‌م ناوچه‌یه‌دا ڕووبدات، ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بنه گۆڕه‌پانی شه‌ڕ".
راشیگه‌یاندووه كه "ئامانجێكی تری توركیا له‌م مانۆڕه سه‌ربازییه، گه‌یشتنه به چیای حه‌وت ته‌به‌ق له ناحیه‌ی شیڵادزێ و دواتریش داگیركردنی زنجیره چیای گارایه كه به‌مه حكومه‌تی هه‌رێم، 70-75%ی سنوری ده‌سه‌ڵاتی خۆی له پارێزگای دهۆك له‌ده‌ستده‌دات. له‌هه‌مان كاتیش‌دا، ئه‌م جموجۆڵانه، وه‌ڵامێكن بۆ هێزه‌كانی پاراستنی سنوری عێراقی كه له‌م ساڵدا ده‌ستیان كردووه به دروستكردنی باره‌گای سه‌ربازی بۆ ڕێگرتن له پێشڕه‌وییه‌كانی توركیا".
له‌به‌شێكی تردا سه‌رۆكی ره‌وتی هه‌ڵوێست باس له "هه‌ولێر… قوڵای ستراتیژی" ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌ی توركیا، سه‌ربگرێت، توركیا پلانی بۆ هه‌ولێر ده‌بێت، جوڵه‌ی سه‌ربازی له قه‌زاكانی چۆمان و مێرگه‌سوور ده‌بێت، زۆرێك پێیانوایه چۆمان و مێرگه‌سوور درێژكراوه‌ی پلانه‌كه‌ی دهۆكن، به‌مه‌ش گرفت و مه‌ترسی گه‌وره بۆ سه‌ر هه‌ولێر دروستده‌بێت!".
عه‌لی حه‌مه ساڵح دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "هه‌موان بێده‌نگن! حكومه‌تی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێم، هێزه‌كان بێده‌نگن!! ئه‌م بێده‌نگیه به ئه‌ندازه‌ی له‌شكر كێشیه‌كه مه‌ترسیداره".
PM:12:10:28/06/2024
ئه‌م بابه‌ته 772
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت