ئه‌مریكا هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند

‌ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وێستگه‌نیوزـ

ئەمریکا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و رایگه‌یاند، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامرازێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە.
 
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە، پێشوازی لە راگەیاندنی 20ـی ئۆکتۆبەر وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین"
 
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئامرازێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە و ئێمە چاوەڕێ ئەوە دەکەین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دڵنیابن لەوەی هەڵبژاردنەکان ئازاد و، شەفافانە دەبن بەبێ هیچ دواخستنێکی دیکە".
 
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ رووداو باسی له‌وه‌شكرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گەیانی لایەنە سیاسییەکان بە رێککەوتنێک لەبارەی هەڵبژاردن، بەرز دەنرخێنێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ی حوزه‌یرانی 2024، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تیایدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:

1. دیاریکردنی رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.

2. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.

3. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.

وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، وادەیە نوێیەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنێکی تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێ گرتن لە بیروبۆچوونەکان دیاری کراوە.




PM:10:04:26/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 2244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت