بافڵ تاڵه‌بانی: دروستكردنی هەر بەربەستێك لەبەردەم هه‌ڵبژاردن لێدانە لە خواستی خەڵك و رەوتی دیموكراسی لە هەرێم

‌دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

وێستگه‌نیوزـ

بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند، حزبه‌كه‌ی ئامادەی هەڵبژاردنە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە، ده‌شڵێت، دروستكردنی هەر بەربەستێكیش لەبەردەم ئەو پرۆسە گرنگەدا، لێدانە لە خواستی خەڵك و رەوتی دیموكراسی لە هەرێمەكەیان. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نووسیگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی، تیایدا هاتووه‌: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن کۆبووەوە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، لە کۆبوونەوەکەدا رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی دوایین ئامادەكارییەكانی حزبه‌كه‌ی بۆ هەڵبژاردن خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بەرنامە و پلانانەی لە كۆبوونەوە باڵاكاندا بڕیاریانلێدراوە، جێبەجێكراون و یەكێتی بەهەمووشێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردنە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی سوپاسی لێپرسراو و ئه‌ندامانی  مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبه‌كه‌ی کرد كە لە رابردوودا دڵسۆزانە ئەركەكانیان بەجێگەیاندووە بەتایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق كە یەكێتی بووە هێزی یەكەمی لایەنە كوردستانییەكان، جێدەستیان دیاربووە و ماندوونەناسانە كاریانكردووە.

بافڵ تاڵه‌بانی راشیگەیاند، "یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی نییە، دروستكردنی هەر بەربەستێكیش لەبەردەم ئەو پرۆسە گرنگەدا، لێدانە لە خواستی خەڵك و رەوتی دیموكراسی لە هەرێمەكەمان". 

باسی له‌وه‌شكرد: "پێویستە هەموولایەنەكانیش پابەندبن بەو وادەیەی كۆمسیۆن وەك لایەنی فەرمی و جێبەجێكار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشنیازیكردووە كە 5ی ئەیلولی ئەمساڵە و هیچ بیانوویەكی بۆ دواخستنی پرۆسەكە نەهێشتووەتەوە". 

وتیشی: "دووپاتیدەكەینەوە یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە لەو وادەیەدا و پێشوازیی لە پێشنیازەكەی كۆمسیۆن دەكەین".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵه‌بانی وتی، "پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەستبەقۆناغێكی نوێی كاری سیاسی بكەن و پێكەوە لەپێناو كوردستانێكی بەهێزتر و داهاتوویەكی پرشنگدارتر هەنگاوبنێن". 

"پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەبنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان و ژیانی خەڵكە خۆشەویستەكەمان تێكەڵی ململانێ ناڕەواكان نەكرێت"، بافڵ تاڵه‌بانی وای وت. 

وتیشی: "پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانە بوێری دەوێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بێگومان ئامادەیە".


PM:08:31:24/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت