ئاری ھه‌رسین: به‌بێ پارتی ھیچ ناكرێ

‌ئاری ھه‌رسین

وێستگه‌نیوز-

به‌رپرسی لقی 4ی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ سه‌لمێنرا كه‌ "پارتی وه‌كو گه‌وره‌ترین پارتی سیاسی له‌ كوردستان ژماره‌یه‌ و به‌بێ پارتی ھیچ ناكرێ"، ده‌شڵێت: "دیموكراسی ئێمه‌ زۆر جیاوازه‌".

ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لقی 6ی ئه‌وروپای پارتی، سمینارێكی بۆ ئاری ھه‌رسین به‌رپرسی لقی 4 له‌ژێر ناوی به‌ره‌و ھه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌برد و تێیدا ناوبراو تیشكی خسته‌ سه‌ر  پرۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن له‌ ھه‌رێمی كوردستان.

به‌گوێره‌ی‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌، ئاری ھه‌رسین له‌ سیمیناره‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا، ھه‌ڵبژاردن یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌كانی دیموكراسییه‌ت، چونكه‌ دیموكراسی جیاوازی ھه‌یه‌ له‌ ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، ھه‌تا له‌ناو وڵاتانی ڕۆژئاوا جیاوازی ھه‌یه‌ له‌باره‌ی پرسی ھه‌ڵبژاردنه‌وه‌، واته‌ لێكچوونی فۆرمی فه‌رمیی نییه‌ و له‌ ھه‌موو جیھان و له‌ ھه‌موو وڵاتێك له‌یه‌ك ناچێت".

ئاری‌ هه‌رسین ده‌ڵێت: "دیموكراسی ئێمه‌ زۆر جیاوازه‌ و ساوایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی 30 ساڵ له‌ مێژوو كاتێكی زۆر نییه‌ بۆ دیموكراسی و به‌رجه‌سته‌كردنی، پرۆسه‌ی ھه‌ڵبژاردن ھه‌ردوو لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی ھه‌یه‌، زۆر جار دیكتاتۆره‌كان له‌ڕێگه‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش مه‌رج نییه‌ ھه‌ڵبژاردن ئامانجه‌كانی بریتی بێت له‌ ھێنانه‌ كایه‌ی عاداله‌ت یان ناعه‌داله‌تی".

به‌رپرسه‌كه‌ی لقی 4 وتوویه‌تی‌: "ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان.. له‌ ساڵی 1991 سه‌رۆك بارزانی خۆی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ شه‌رعیه‌تی شۆڕشێگێڕی كۆتایی ھات و پێویسته‌ بچینه‌ قۆناغێكی دیكه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن شه‌رعیه‌تی مه‌ده‌نی و شه‌رعیه‌تی په‌رله‌مانی و دیموكراسی، ئێمه‌ وه‌ك پارتی بڕوامان به‌ ھه‌ڵبژاردن ھه‌یه‌ و ڕێزی ده‌گرین، به‌ ته‌نیا پرۆسه‌ی ده‌زانین بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات".

ده‌شڵێت: "ڕێگه‌ش به‌ ھیچ كه‌سێك ناده‌ین پیلانگێڕی له‌ دژی ھه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌و ھه‌وڵه‌ی ئێمه‌ش له‌ رابردوو دژی ھه‌ڵبژاردن نه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دژی ئه‌و پیلانگێڕیه‌ بوو، ھۆكاره‌كانمان دیاری كردبوو، گوتمان به‌و شێوه‌یه‌ ئێمه‌ به‌شداری ھه‌ڵبژاردن ناكه‌ین".

له‌ سیمیناره‌كه‌دا ئاری‌ هه‌رسین باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "زۆر كه‌س گره‌وی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوو ئه‌گه‌ر پارتی به‌شداری ھه‌ڵبژاردن نه‌كات ھیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێ و ھه‌ڵبژاردن ھه‌ر ده‌كرێت، دواجار سه‌لمێنرا كه‌ پارتی وه‌كو گه‌وره‌ترین پارتی سیاسی له‌ كوردستان ژماره‌یه‌ و به‌بێ پارتی ھیچ ناكرێ، ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ده‌ستكه‌وت سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو، پشكی شێری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش به‌ر جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌وێت، چونكه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ حه‌كیمانه‌یه‌ی سه‌رۆك له‌سه‌ر بنه‌مای خۆ نه‌چه‌ماندن كه‌ چه‌ندین جار ئه‌مه‌ی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ له‌ ژیانی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی خۆیدا و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستھێناوه‌".

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی ئاری ھه‌رسین رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "دادگای فیدڕاڵی به‌ حیساباتی خۆیدا چوویه‌وه‌ و چووه‌ ناو گۆڕانكارییه‌كان، ده‌بینین ئێستا چاوه‌ڕێی سه‌رۆكی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت بۆ دیاری كردنی واده‌ی نوێی ھه‌ڵبژاردن، سه‌ره‌ڕای تێبینی ئێمه‌ له‌سه‌ر كورسی كۆتاكان، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی پارتیمان له‌ به‌یانێكدا ڕایگه‌یاند، به‌شداری ھه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین، پارتی ئێستا له‌ به‌رزترین پله‌ دایه‌ و پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانیش باشترین به‌ڵگه‌ن، وه‌كو پارتی شانازی به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌وه‌ ده‌كه‌ین و مافی خۆشمانه‌".


PM:12:45:16/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 1348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت