مه‌سرور بارزانی‌ به‌ردی بناغه‌ی عه‌لوه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێ-ی دانا


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ردی بناغه‌ی عه‌لوه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێ-ی دانا كه‌ 22 ملیۆن دۆلاری‌ تێده‌چێت، ده‌شڵێت: "ده‌مانه‌وێ ئابووریی كوردستان هه‌مه‌چه‌شن بكه‌ین".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی حوزه‌یرانی 2024، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شارۆچكه‌ی ئاكرێ به‌ردی بناغه‌ی بازاڕی سه‌وزه‌ و میوه‌ی ئاكرێ (عه‌لوه‌ی هاوچه‌رخی ئاكرێ)ی دانا و، تێیدا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند كه‌ "جێی دڵخۆشییه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و له‌ ناوچه‌یه‌ك به‌ردی بناغه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ك داده‌نرێت یان پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرێت".

مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت: "له‌ چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ بایه‌خێكی زۆرمان به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ داوه‌ به‌مه‌ش شۆڕشێكمان له‌ چاكسازی كشتوكاڵی ده‌ست پێ كردووه‌".

وتیشی‌: "ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ و هێشتا هه‌نگاوی زۆر ماوه‌ بینێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵی كوردستان بگه‌ینینه‌ ئاستێكی ستانداردی جیهانی كه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها سووده‌كه‌ی بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بێت به‌ڵكوو ببێته‌ سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ ته‌واوی عێراق و ناوچه‌كه‌ش".

مه‌سرور بارزانی‌ ئاشكرایكرد كه‌ "له‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌تدایه‌ چه‌ند به‌نداوێك دروست بكات، یه‌كێك له‌وان به‌نداوی باكرمان له‌ سنووری ئاكرێ ده‌بێت".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌مانه‌وێ ئابووریی كوردستان هه‌مه‌چه‌شن بكه‌ین و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕ بۆ به‌رهه‌می جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بدۆزینه‌وه‌".

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی‌ میدیا و زانیاری‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ 22 ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت و ده‌بێته‌ پایه‌یه‌كی گرنگی گه‌شه‌پێدانی بازاڕی كشتوكاڵی له‌ هه‌رێمدا.


PM:03:08:11/06/2024




























ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو