مهسرور بارزانی: لە هەرێمی كوردستان کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە
مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێم
وێستگهنیوزـ
مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێم رایگهیاند، لە هەرێمی كوردستان کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکومەتی هەرێم پابەندە بە رەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری رۆژنامەوانی و ئازادی رادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری رۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو کە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان رێکیان خستبوو.
لە دیدارەکەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
لهو بارهوه مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ههرێم لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە، "لە هەرێمی كوردستان، کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا".
دهقی وتارهكهی مهسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
میوانانی هێژا
خۆشحاڵم کە لەم دیدارە ڕۆژنامەنووسییەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم. بە تایبەتی بەخێرهاتنی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارە بەڕێزانە دەکەم کە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداریکردن لەم دیدارە هاتوون . هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم دیدارە، لە خزمەتی پێشخستنی کاری ڕۆژنامەنووسیدا بێت.
هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.
حکومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانیی دەڕوانێت کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە ئەرک و پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بە جێبگەیەنن، بەتایبەتی لە بواری هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاری ڕاست و دروست و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و پێشێلکارییەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی.
بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنکاران وەک دەسەڵاتی چوارەم، یارمەتیدەرێکی گرنگی دامەزراوەکانی حکومەتن و بەیەکەوە کار بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی وڵات دەکەن.
لە هەرێمی كوردستان کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.
جێی خۆشحاڵییە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکی پێشکەوتووی ڕۆژنامەوانییە و بەهۆیەوە، کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، گەشەیەکی زۆر باشی کردووە.
ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێک کە ناحەزانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی ئەو ئازادییەن کە لە ناوچەکە کەم وێنەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماکانی دیموکراسی و قەوارەی کوردستان کە بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، خەڵکانێک دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
داواکارم لە ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، کە ڕێگە نەدەن ئەم پیشە گرنگە، ببێتە سەکۆیەک بە خراپ بەکارهێنانی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕا دەربڕین.
دەستخۆشی لە لیژنەی جێندەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان دەکەم بۆ هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە گەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
سەبارەت بە بابەتی سەرەکی ئەم دیدارەش، کە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس لە جیاکاری ڕەگەزی و جێندەری،حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەماهەنگیی و هاوکاری پێویست لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژیی و جیاکارییەک کە بەرامبەریان دەکرێت.
لەمبارەیەوە هەرچی پێویست بێت لە سەر حکومەت ئەنجامی دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو بەربەست و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجام بدەن.
لە کۆتاییدا دووبارە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز بێت و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی ئەم دیدارە دەخوازم.
هەر شاد و سەرکەوتووبن
AM:11:50:22/04/2024
ئهم بابهته 744
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت