قوباد تاڵه‌بانی: پارتی بیه‌وێت ده‌توانێت به‌ربه‌ست بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستبكات
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هیوای خۆی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له مانگی شه‌شی ئه‌مساڵ نیشاندا، به‌ڵام رایگه‌یاند كه "پارتی ده‌توانێت ببێته هۆی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا".
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 15ی نیسانی 2024، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له وه‌ڵامی پرسیاری ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا، وتی: "من ده‌مه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت. ئیشه‌ڵا ده‌كرێت".
قوباد تاڵه‌بانی ره‌تیكرده‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی رێككه‌وتن كرابێت له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژارده‌كه و ده‌ڵێت: "بۆ هه‌ڵبژاردن یاسا هه‌یه، بڕیار هه‌یه، رێكار هه‌یه؛ رێككه‌وتنی ناوێت و نه‌بووه شتی وه‌ها تا رێككه‌وین هه‌ڵبژاردن بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به رۆڵی پارتی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه كرد كه "ئه‌گه‌ر پارتی بیه‌وێت به‌ربه‌ست دروستبكات، به‌ربه‌ستی پێدروست ده‌كرێت، خۆ هێنده فه‌قیر نییه".
بڕیاره 10ی مانگی شه‌شی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌له‌مانی له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌كاتێكدا یه‌كێتی سوره له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام پارتی به‌هۆی ناڕازیبوونی له بڕیاری دادگای فیدڕاڵێ عێراق بۆ گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و لابردنی كورسی كۆتاكان له په‌رله‌مان، ده‌ڵێت به‌ژداری پرۆسه‌كه ناكات.
ناكۆكی نێوان یه‌كێتی و پارتی له كاتێكدایه په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی هه‌ڵواسراوی نێوانیان تایبه‌ت به بوودجه و داهاتی هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆزه سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوانیان.
تاڵه‌بانی له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌سه‌ر هه‌بوون یان نه‌بوونی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، باس له رێككه‌وتن ناكات به‌ڵام ده‌ڵێت بودجه بۆ سێ ساڵ په‌سه‌ند كراوه و هاوسه‌نگیش هه‌یه "بودجه په‌سه‌ند كراوه و به‌نده‌كانیشی روون و ئاشكران، ئه‌وه‌ی روون نه‌بوو له دادگا یه‌كلا كرایه‌وه، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا، حكومه‌تی فیدراڵی راسپێردراوه مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات".
قوباد تاڵه‌بانی ده‌شڵێت: "ئه‌م كێشه‌یه شتێكی نوێ نییه له نێوان هه‌رێم و به‌غدادا. ئه‌م كێشه‌یه ده ساڵ كۆنه، ده ساڵه كوردستان كێشه‌ی مووچه و بودجه‌ی هه‌یه. له‌گه‌ڵ به‌غدا، له مانگی دووی ساڵی 2014 به‌ڕێز مالیكی بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی ده ساڵه!".
راشیگه‌یاند كه "له‌م ده ساڵه‌دا یه‌كترمان ته‌فرو تونا كرد ئێستا كه به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕۆین، كاتی ده‌وێت تا ئه‌م رێككه‌وتنه تۆكمه‌بێت".
PM:07:31:15/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 1556
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت