وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیپێكرد


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیپێكرد، وه‌زیریش جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.

وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا به‌ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی حكوومه‌ت و بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/4/2024 به‌ سه‌رپه‌رشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌ڕێوه‌چوو و ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیپێكرد".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ ئاماده‌بوونی ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی یاسا و نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و سه‌رۆكی شاره‌وانییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی له‌ پارێزگه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ڕێوه‌چوو".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگیی بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی و وتی‌: "دابه‌شكردنی زه‌ی، وێڕای ئه‌وه‌ی سوودی زۆری بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت، هاوكات كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ئابووری و جووڵه‌ی بازاڕ و گه‌شه‌پێدانی سنووری شاره‌وانییه‌كانیش ده‌بێت".

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌كه‌ی ڕاسپارد كه‌ به‌زووترین كات ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی دابینكردنی زه‌وی بكه‌ن و له‌ كاتێكی دیاریكراودا ڕێكاره‌كان ته‌واو بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت سوودمه‌ند ده‌بن ببنه‌ خاوه‌ن زه‌وی خۆیان. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ پێویسته‌ ژماره‌ی مه‌زه‌نده‌كراوی فه‌رمانبه‌ران بزاندرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ زه‌وی دیاری بكرێت.

ساسان عه‌ونی، سه‌باره‌ت به‌ نه‌خشه‌ی كه‌رتیی زه‌وییه‌كان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌بێت ڕه‌چاوی ماسته‌رپلانه‌كان بكرێت و له‌ نه‌خشه‌ی كه‌رتی ئه‌و زه‌وییانه‌ی دابه‌ش ده‌كرێن، ده‌بێت پانی شه‌قامه‌كان و ناوچه‌ی سه‌وزایی و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و لایه‌نی شارسازی بایه‌خی ته‌واویان پێ بدرێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ سنووری هه‌ر ماسته‌رپلانێكدا ئه‌گه‌ر زه‌وی به‌رده‌ست نه‌بوو ده‌بێت سنووری شاره‌وانییه‌كان فراوان بكرێن و زه‌وی بۆ فه‌رمانبه‌ران دابین بكرێت.  

پاشان ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رنجی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ شێوازی ئاماده‌كارییه‌كه‌ و گرفته‌كانیان خسته‌ڕوو و دواتر وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جه‌ختی له‌سه‌ر دروستكردنی لیژنه‌ی تایبه‌ت له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌ خێرایی و به‌ باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.


PM:07:23:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو