مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە کۆدەبێتەوە


وێستگه‌نیوزـ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی لە سلێمانى کۆدەبێتەوە و تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکەش پرسى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانە و تیایدا هەڵوێستى خۆى لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی و، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.


رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە مەرسوم رۆژی 10ی 6 دیاریکراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە و پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکات".

"لە کۆبونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و ئەگەر و پێشھاتەکان سەبارەت بەو پرسە و چەند پرسێکی گرنگ سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی ھەرێم و عیراق تاوتوێ دەکرێت"، رزگار حاجی حەمە وادەڵێت.

لێپرسراوی مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی یەکێتیی راشیگەیاند: "یەکێتی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان نییە و پێشمان خۆشە هەموو هێزولایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەشداری لەهەڵبژاردن بکەن".

رۆژی رابردوو مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو وتى "پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات".


PM:01:01:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو