پارێزگاری‌ هه‌ولێر: به‌هۆی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ بازاڕی‌ له‌نگه‌وه‌ 20 كه‌س ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كراون


وێستگه‌نیوز-

پارێزگاری‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ سه‌دا 90ی‌ ئاگره‌كه‌ی‌ بازاڕی‌ له‌نگه‌ كۆنترۆڵ‌ كراوه‌ و 20 كه‌سیش ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كراون.

ئه‌مشه‌و ئومێد خۆشناو پارێزگاری‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "له‌سه‌دا 90ی ئاگره‌كه‌ی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر كۆنترۆڵكراوه‌ و سوپاسی ته‌واوی تیمه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مشه‌و لێره‌ ئاماده‌ن و وایانكرد زیانه‌كان كه‌م بن".

ئومێد خۆشناو وتی‌: "مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ پاشماوه‌كه‌ی‌، ئاگره‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بكاته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دوكانه‌كانی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر سووتاون، به‌ڵام به‌ دیاریكراوی‌ تا ئێستا دیار نییه‌ چه‌ند دوكان سووتاون".

پارێزگاری‌ هه‌ولێر باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "به‌هۆی‌ ئاگره‌كه‌وه‌ 20 كه‌س ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كراون و هیچیان به‌هۆی‌ سووتانه‌وه‌ نه‌بووه‌ و دۆخی‌ ته‌ندروستییان باشه‌ و به‌شێكیان كارمه‌ندانی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ بوون".

راشیگه‌یاند كه‌ تیمه‌كانی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ئاگره‌كه‌ و داواشی‌ له‌ هاوڵاتیان كرد شوێنه‌كه‌ جێبهێڵن تا تیمه‌كان بتوانن كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و پارێزگاری‌ له‌ دوكانه‌كانیش بكه‌ن.



PM:10:02:27/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت