مەسرور بارزانی: دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد و بابەتیانه‌ بۆ بڕیاره‌كانى دادگای فیدراڵی بۆ بکەن

‌مەسرور بارزانی

وێستگه‌نیوزـ

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەربارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد و بابەتیانەی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بزانن بە چ شێوازێکە، هەر کاتێک بە نووسراو و فەرمی بڕیارەکانیان پێ گەیشت، ئەو کاتە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، وتی: "دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد و بابەتیانەی بۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوازێکە، هەر کاتێک بە نووسراو و فەرمی بڕیارەکانمان پێ گەیشت، ئەو کاتە هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین".

وتیشی: "بێگومان هەر بڕیارێک دژ و پێچەوانە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەو کاتە هەڵوێستی خۆمان بەڕوونی دیار دەکەین. سەبارەت بە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

مەسرور بارزانی جەختیکردەوە، "ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین و دەبوایە هەڵبژاردن لە کات و وادەی خۆی بکرابووایە، بەڵام دوو ساڵە بەهۆکاری سیاسی دواخراوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچوونەین و بڕوامانوایە و باشترە هەرچی زووترە هەڵبژاردن بکرێت، بە جۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تیایدا جێگیر ببێت". 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە کرد و دوای  بەسەرکردنەوەی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناخەی رێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوی دانا.

لە رێورەسمەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت  وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە. هەڵەبجە ئەمڕۆ بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان؛ بەڵام جێی داخە، کە هەڵەبجە وەکو پێویست خزمەتی نەکراوە و لەم رووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و هەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین".


PM:03:33:22/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت