خوێندنی‌ باڵا ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان داده‌ڕێژێت


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو  توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و زیانه‌كانی داده‌ڕێژێت.


ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 12ی‌ شوباتی‌ 2024 به‌سه‌رپه‌رشتی د. ئامانج عه‌بدوڵا سه‌عید، ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كردنی پلان و به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ مامۆستایان و پسپۆران و شاره‌زایانی بواره‌كه‌، كۆبونه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ داڕشتنی ستراتیژی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و دانانی‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ و زیانه‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ده‌ستپێكدا د. ئامانج عه‌بدوڵا سه‌عید؛ له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی بابه‌ته‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌سه‌رجه‌م ئاست و سێكته‌ره‌كان كردو ڕایگه‌یاند؛ ئامانج له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌مان دروستكردنی دیالۆگێكی به‌رفراوانه‌ له‌نێوان دامه‌زراوه‌كان و زانكۆكانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆكانمان به‌شداری كارا بكه‌ن له‌ دروستكردنی ستراتیژێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر وڵات و هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌یه‌ له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان (حكومی و تایبه‌ته‌كان) كه‌ شاره‌زاو پسپۆری بواره‌كه‌ن و ئه‌زمون و شاره‌زایی كه‌ڵه‌كه‌بویان هه‌یه‌ ئاماده‌یبوون، گفتوگۆی وردو چڕ كرا سه‌باره‌ت به‌ ڕاو سه‌رنج و تێبینییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موه‌ان پێكه‌وه‌ و به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م زانكۆكان بتوانن ستراتیژێك بۆ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان دابڕێژین بۆ چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكه‌ره‌ عه‌قڵییه‌كان، ئه‌ویش به‌ به‌شداری به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی دیكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین راسپارده‌ و پێشنیازی گرنگ بۆ ئه‌ركی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و رۆڵی هه‌ریه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌كان بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و كۆمه‌ڵگه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.


PM:06:25:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو