په‌یامێك له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر هه‌ولێر

‌ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا

وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی نزیكیانه‌ و وڵاته‌كه‌ی بێ دوودڵی هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كات.

 
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (X) وێنه‌یه‌كی خۆی و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ داڤۆس بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌نتۆنی بلینكن له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ نووسیویه‌تی، " ئه‌مڕۆ له‌ داڤۆس له‌ دوای‌ هێرشه‌كانی دوێنێی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی عێراق".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی نزیكه‌ و ئه‌مریكا بێ دوودڵی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئێران سه‌ركۆنه‌ ده‌كات".
 
دوێنێ سێشه‌ممه‌، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ، مه‌سرور بارزانی له‌ داڤۆس له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا كۆبووه‌ته‌وه‌.
 
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ین كه‌ پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عێراقه‌. هاوخه‌می وڵاته‌كه‌شی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری قوربانییانی هێرشه‌كه‌ ده‌ربڕی".
 
ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا و سه‌رۆك جۆ بایدن، ئه‌م هێرشانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جددی وه‌رده‌گرن و هه‌وڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێم ده‌ده‌ن".
 
شه‌وی 15 له‌ 16ی‌ كانوونی دووه‌می‌ 2024ه‌وه‌ له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئه‌نجامدا چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 6 كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون.


AM:08:47:17/01/2024


ئه‌م بابه‌ته 1440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو