دانا عه‌بدولكه‌ریم: ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ دروستبكات
دانا عه‌بدولكه‌ریم
وێستگه‌نیوز-
دانا عه‌بدولكه‌ریم، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پشكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند كه نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست درێژه‌پێده‌ری به‌رنامه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بن و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێت بزووتنه‌وه‌كه‌یان خۆی رێكبخاته‌وه و سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ دروستبكات.
دانا عه‌بدولكه‌ریم بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا بێزاری خۆی له‌سه‌ر ناكۆكی ناوخۆیی ناو بزووتنه‌وه‌كه پیشاندا و وتی: "به‌داخه‌وه له دوای كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان جۆرێك له په‌رته‌وازه‌یی دروستبووه له ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا و ئێمه نه‌مانتوانیوه وه‌كو پێویست درێژه‌پێده‌ری به‌رنامه‌كه‌ی كاك نه‌وشیروان بین".
سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی گۆڕان، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی "خۆشبه‌ختانه" پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌كه به‌رده‌وامه و هه‌وڵده‌ده‌ن له "چه‌ند مانگی داهاتوودا" كۆنفرانسی نیشتمانی ببه‌ستن بۆ دیاریكردنی سه‌ركردایه‌تییه‌كی "تازه".
وتیشی: "ئێمه له قۆناغێكداین كه ده‌بێت خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه و ده‌بێت سه‌ركردایه‌تییه‌كی تازه بۆ گۆڕان دروستبكه‌ین".
وته‌كانی وه‌زیره‌كه‌ی گۆڕان له كاتێكدایه كه سه‌ركرده‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا چه‌ندین هه‌وڵی جیاوازیان داوه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامه ناڕازییه‌كانیان بۆ ناو ڕیزی بزووتنه‌وه‌كه. له دوایین هه‌وڵیاندا له نزیكی مانگی حه‌وتی ئه‌مساڵ ڕایانگه‌یاند لیژنه‌یه‌كیان به ناوی "لیژنه‌ی ئاشته‌وایی" بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێكهێناوه.
له ڕۆژی 4-11-2023، لیژنه‌كه ڕاگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه كه تێیدا هاتووه، "له هه‌شت مانگی رابردوو له‌گه‌ڵ ده‌یان كاراكته‌ر و كه‌سایه‌تی دیاری گۆڕان كۆبووینه‌ته‌وه، دیدار و دانیشتنمان هه‌بووه و خاڵه هاوبه‌شه‌كانمان له خاڵه جیاوازه‌كان زیاتر بووه."
له ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووه گۆڕان له پرۆسه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت "ئه‌گه‌رچی ئه‌نجامه‌كان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیانمان وه‌ك پێویست نه‌چووه‌ته پێش."
به‌ڵام ڕۆژێك پێش ئه‌م ڕاگێیندراوه، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاشته‌وایی وتی "هه‌ڵه‌ی جه‌وهه‌ری گلۆڵه‌ی گۆڕانی خسته لێژی".
رۆڤان سه‌روه‌ت، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاشته‌وایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لیژنه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت "هه‌روا كێشه‌ی گرد و ماڵ و موڵك رێگری له به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی گۆڕان كرد".
PM:08:12:30/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 1900
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت