سودانی ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کۆڕەک تێلێکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بە لیژنەیەکی په‌رله‌مان سپارد


وێستگه‌ نیوزـ

لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، بە لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق سپێدرا و"بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا کێشەکان چارەسەربکرێن."

 له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی رووداو، کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق، وتی: "لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەکەی ئێمە راسپێردراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لەنێوان هەردوو لایەنی کێشەکە هەیە، ئێمەش دۆسیەمان بۆ کردوونەتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ نوێنەرانی هەردوولا کۆبوینەوە و گوێمان لێگرتن، ژمارەیەک راسپاردەشمان بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووە."

کاروان یاروەیس ئاشكراشیكرد "وا بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا، هەردوولا بگەنە رێککەوتن و بەپێی ئەو راسپاردانەی ئێمە بەرزمانکردووەتەوە دەبێت قەرزەکانی سەر کۆڕەک بەپێی خشتەیەک بدرێتەوە، لەبەرامبەردا مافەکانی کۆمپانیاکە بدرێتەوە و سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت."

وتیشی: "تەنیا ئەو 7 ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کۆڕەک تێلێکۆم زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵکو راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کۆمپانیایە و کۆمپانیاکانی دیکە، زیانی بە کۆمپانیاکانی دیکەش وەکو ئاسیاسێل و زەینیش گەیاندووە."

 رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆمەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگە، کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارانەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تائێستا نەدراوە، سەرباری هەموو گوتوێژ و دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆمپانیاکە چوار خاڵ دەخەینەڕوو کە ئەمانەن: 
- دەستەکە فەرمانی کرد بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم.

- داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیای کۆڕەک نەکڕن.

- دەستەکە جەختدەکاتەوە پێویستە بریکار و نووسینگەکانی فرۆشتن، هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن و مامەڵەی پێوەنەکەن، چونکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.

- دەستەکە بەنیازە لەماوەی 10 رۆژدا پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل لە وڵات ببڕێت، لە رۆژی دەرچوونی ئەم راگەیێندراوەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیاکە پابەندبوونە داراییەکانی بەجێدەگەیەنێت.

 رۆژێك دوای ئه‌و بڕیاره‌ش کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و وتی: سەرەڕای "ئەو نادادپەروەرییەی کۆمپانیاکەمان رووبەڕووی بووەتەوە و بەرامبەری کراوە و بەردەوامیشە، هەروەها ئەو هەنگاوە نایاسایییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیاوە بەرامبەرمان گیراوەتەبەر بە نەخستنە رووی راستیی تەواو و پێدانی زانیاری ناتەواو بە دەسەڵاتی دادوەری." 

سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زاییه‌كانی كۆڕه‌ك تێلێكۆم، له‌ 1-11-2023یش ده‌سته‌كه‌ داوای له‌ کۆمپانیاکانی ئەسیر و ئاسیاسێڵیش کرد بەپێی فەرمانی ژمارە 65ی ساڵی 2004ی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن.


PM:09:09:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 2428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو