وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تا ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو 700 ملیار دیناره‌كه‌ بگاته‌ هه‌رێم


وێستگه‌نیوزـ

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، چاوەڕاون دەکرێت 700 ملیار دینارەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم. 

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووه‌می 2023، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس 2023 رایگه‌یاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە بۆ ئەوەی بەشی سێیەمی 700 ملیاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بنێردرێت. داوای تەرازووی پێداچوونەوەیان کردبوو، ئەمڕۆ تەرازووی پێداچوونەوەیان بۆ نێردراوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ دابینکردنی مووچە و ناردنی 700 ملیارەکە، جێبەجێی کردووە، بۆیە بەپێی وادە دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".

وتیشی: "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان مه‌سرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی دیکە (مانگەکانی 10، 11 و 12)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەدوای رێگەیەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی مافەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن و لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان هەردوولا هەیە".

پێشەوا هەورامانی بۆ کوردستان 24 روونیشیکردەوە: "لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئێمە بەدوای ئەوە ناگەڕێین مووچەی مانگ و دوو مانگمان بۆ بنێرن، دەمانەوێت چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە و کۆتایی پێ بهێندرێت؛ نەک مانگانە دوو سێ جار شاند بچێت تا مووچەی مانگێک بنێرن".


PM:02:25:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت