وەزیری نەوتی عێراق: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ عێراق گرنگە

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌نیوزـ

وەزیری نەوتی عێراق رایگه‌یاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا لێکتێگەیشتنی باشیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە. دەشڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوت، "بۆ عێراق گرنگە، چونکە بۆ دابینکردنی بودجە پێویستی پێیەتی".


بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی دووه‌می 2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.

حەیان عەبدولغەنی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

وەزیری نەوتی عێراق باسی له‌وەش کرد، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات، هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت".

راشیگه‌یاند: "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتە و حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن".

وتیشی: "هەنگاوی یەکەم، رێککەوتنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن و رێککەوتنێکی سەرەتاییشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین".

لەبارەی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ تورکیا لەیەکتێگەیشتنمان هەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".


AM:09:40:12/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو