شارەزایەکی سەربازی: ئێران هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئەمریکا دادەنێت
دیمەنێک لە سەنتەری شاری هەولێر پایتەختی هەرێـمی کوردستان
وێستگهنیوزـ
وەزارەتی بەرگری عێراق هێزە چەکدارەکانی خستووهتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و گروپه چهكدارهكانی غهززه، شارەزایەکی بواری ئاسایشی نیشتیمانیش دەڵێت پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ پێشهاتی نوێ لە ناوچەکەدا ئامادەبکات.
حەمدی گلی، لیوای خانەنیشین لە سوپای عێراق و شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە لەلایەن میلیشیاکانەوە، ئێران هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە ئەمریکا دادەنێت، بەهۆی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە هەولێر، بۆیە پێویستە کورد ناوخۆی خۆی رێکبخات و یەک پلان و ستراتیژیەتی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان".
لە ساتەوەختی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و گروپه چهكدارهكانی غهززه لە رۆژی 7ی تشرینی یهكهمی 2023، گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران چەندین جار بنکەکانی ئەمریکایان لە نزیک شاری هەولێر کردووەتە ئامانج.
بەپێی رۆژنامەی واڵ سترتیت جۆرناڵی ئەمریکی، رۆژی پێنجشەممە 2ی ترشینی دووهم، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی پڕ لە تەقەمەنی لە نهۆمی سەرەوەی سەربازگەیەکی ئەمریکی لە شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە بەڵام نەتەقیوەتەوە. لە ئەگەری تەقینەوەیدا کوژران و برینداربوونی لە ناو سەربازانی ئەمریکا لێدەکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لەماڵپەڕی فڕۆکەخانەی هەولێر، شەوی پێنجشهممه تا بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، ههشت گەشتی هاتن و حێنج گەشتی رۆیشتن لە فرۆکەخانەی هەولێر هەڵوەشاوەتەوە. هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان هاوکاتە لەگەڵ مەترسی هێرشە درۆزنییەکان بۆ سەر دەوروبەری شاری هەولێر.
حەمدی گلی، دەڵێت، "کوردستان بە ئامانج گیراوە، دەیانەوێت نەرمی بەرامبەر زۆنێک بنوێنن و هێرش بکەنە سەر زۆنێکی تر، ئەمە شێوازی مامەڵەکردنی حەشدییانەیە، نەک مامەڵەکردن لەسەر بنەمای ستراتیژییەتی ئاسایشی نیشتمانی".
وتیشی، "ململانێی نەتەوەیی لە ناوچەکە نەماوە، ململانێکان گۆڕاون بۆ ململانێی فیقهی و مەزهەبی".
هاوکات لەگەڵ هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەریر و عەین ئەلئەسەدی پارێزگای ئەنبار، بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار هۆشدارییان داوەتە میلیشیاکان و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان لێکردوون، لە ئەگەری بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان.
حەمدی گلی، لیوای خانەنیشین و شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی پێیوایە، ئەمریکا وەڵامی بۆ میلیشیاکان دەبێت، "چونکە میلیشیاکان بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆی".
حەمدی گلی دەڵێت: "ئەمریکا بە ئاشکرا پشتگیری ئیسرائیل دەکات، عێراقیش دیلی دەست ئەم دۆخە هەستیارەیە و سەرۆک وەزیرانەکەی ناتوانێت میلیشیاکان کۆنترۆڵ بکات. سودانی دەیەوێت باڵانس رابگرێت، بەڵام میلیشیاکان کە خاوەن هێز و دەسەڵاتن گوێی لێناگرن".
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی سەربازی کە لەلایەن میدیا عێراقییەکان بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق بە فەرمی هێزە چەکدارەکانی خستوهتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ژمارەیەک رێنمایشی ئاراستەی هێزە چەکدارەکان کردووە، کە خۆی لە دابەشکردنی تانک و جێگیرکردنی فڕۆکە و پاراستنی کۆگا سەربازییەکان دەبینێتەوە.
بە بڕوای ئەو شارەزایەی بواری ئاسایشی نیشتمانی، حکومەتی عێراق ترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی میلیشیاکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و ناوەندە دبلۆماسییەکان هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەدر داوای دەرکردنی نوێنەرایەتی دیبلۆماسی ئەمریکا کرد.
حەمدی گلی دەڵێت، "ترس هەیە لە هەلقۆستنەوە لەلایەن شیعەی عەرەبییەوە، ئەوانەی کە دژی سیاسەتەکانی ئێرانن. ترس هەیە لە سەدرییەکان کە لە نێو حکومەتدا نین و لە دۆخەکە ناڕازین. ترس لە تشرینییەکان و جوڵەی سوننە هەیە".
هەرچەندە هێشتا جەنگی نێوان گرووپه چهكدارهكانی غهززه و ئیسرائیل سنوری غەززەی تێنەپەڕاندووە، بەڵام میلیشیا شیعەکانی لە ناوچەکە خستووەتە جوڵە و بە ئاشکرا هاوسۆزی خۆیان بۆ گروپه چهكدارهكانی غهززه دەردەبڕن.
حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان، لە وتارێکدا کە رۆژی هەینی لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێشکەشیکرد، ئاماژەیدا بە ئامانج کردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم. رایگەیاند، "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەستیکردووە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و رەنگە دۆخەکە بچێتە قۆناغێکی نوێوە".
هاوکات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش، بانگەوازێکی ئاراستەی سوریا، میسر و ئەردەن کرد، داوایلێکردن رێگە بە لایەنگرانی بدەن تا بچنە سنووری غەززە و "هەندێک کۆمەک لە نان و ئاو و دەرمان و سوتەمەنی بگەیەننە ئەو شارە".
بەڵام سەرەڕای نیگەرانییەکان، هەندێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن هەڵوێستەکانی هەردوو سەرکردەی شیعی ئاماژەنین بۆ راگەیاندنی شەڕ دژ بە ئیسرائیل.
عومەر محەمەد، چاودێرێکی سیاسی لە گەرمیان، بە دەنگی ئەمریکای وت، "وتارەکەی حەسەن نەسڕوڵا جگە لەوەی ستایشی بەرەی مقاوەمەی (بەرگری) تێدابوو، ناڕاستەوخۆ داوای دانوستان و شەڕ راگرتنی کرد. هەروەها حیزبوڵای بێبەری کرد لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل".
عومەر محەمەد، پێشیوایە بەیاننامەکەی دوێنێی سەدر، "جگە لە جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵک و رکابەری نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی هیچی تر نییە".
AM:09:15:04/11/2023
ئهم بابهته 2740
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت