بەرپرسێکی یەپەگە: ئەو دوو کەسەی تورکیا دەڵێت هێرشەکەی ئه‌نقەرەیان ئەنجامداوە، سوری نین

‌سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە

وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە به‌ توندی تۆمەتەکانی هاکان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیای ڕەتکردەوە و وتی: ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئه‌نقەرە لە رۆژئاوای كوردستان و سوریاه‌ نەچوونەتە ناو خاکی تورکیاوە.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا، سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، وتی: "ئەو دوو کەسەی تورکیا دەڵێت هێرشەکەیان ئەنجامداوە، هاوڵاتی سوریایی نین، خەڵکی باکوری کوردستانن و هاوڵاتی تورکیان و ئەو کەسانە لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە نەپەڕیونەته‌وە بۆ تورکیا. "

دەشڵێت: " پێویستە کێشەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە و گەلی کورد لە تورکیا لەوێ چارەسەر بکرێت، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە دەیەوێت ئەم جۆرە هێرشانە وەک بیانویەک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ هێرشەکانی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنێتەوە. هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە نەوەستاوە، بەردەوامن لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک لەسەر ناوچە سنوورییەکان."

" تورکیا هێشتا دەیەوێت ئەم دوایین هێرشە بکاتە بیانوو و دەیەوێت دووبارە هەمان کار بکاتەوە "تورکیا هەم دەیەوێت پاساو بهێنێتەوە بۆ هێرشکردنە سەرمان و هەم هێزە نێودەوڵەتییەکان قەناعەت پێبکات کە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شوێنێکی مەترسیدارە و هەمووان دەزانن کە ئێمە هەرگیز نابینە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و ئەوەش ڕاست نییە چونکە ئێمە تەنها لەناو چوارچێوەی ئەم وڵاتە بەرگری لە خۆمان دەکەین." به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌ وای به‌ ده‌نگی ئه‌مریكا وتوه‌.

پێشتر هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاندبوو: ئه‌و دوو كه‌سه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره‌یان ئه‌نجامدا، لە سوریاوە هاتوون و فیدان هۆشداریشی دا و وتی: تەواوی دامەزراوەکانی پەکەکە لە عێراق و سوریا ده‌كه‌نه‌ "ئامانجی ره‌وا"ی خۆیان.

بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویداو هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدرا کە یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەشیان کوژرا، دواتریش پارتی كرێكارانی كوردستان به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌و هێرشه‌ راگه‌یاند.


PM:08:48:04/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 4804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت