وەزارەتی بەرگری توکیا: 16 پێگەی پەکەکەمان بۆردومان کرد
وێستگهنیوزـ
بەگوێرەی راگەیهندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، 16 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باشووری کوردستان لەلایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە بۆردوومانکراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیهندراوەکەدا کە ئهمشهو سێشەممە 3ی تشرینی یهكهمی 2023، بڵاویکردەوە، دەڵێت، ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی تورکیا کراون و "بە مەبەستی لەناوبردنی ئەندامانی پەکەکە/ کەجەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە، تێکشکاندنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنی و خەڵکەکەمان و پاراستنی سنوورەکانمان، کاتژمێر 20:00ی رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، گارە، خواکوڕک، قەندیل و ئاسۆس ئەنجامدرا".
سەبارەت بە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، لە راگەیهندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 16 پێگەی تیرۆریستان، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کرایە ئامانج".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختیکردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا رێکاری تەواو گیراوەتەوە بەر بۆ ئەوەی خەڵکی بێتاوان و شوێنی مێژوویی زیانیان بەرنەکەوێت.
لە کاتژمێر 8:05 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشهممه 3ی تشرینی یهكهمی 2023، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی بۆردوومانی ناوچەکانی دەوروبەری گوندەکانی ئێندزێ و کوزەینە لە بناری قەندیل و گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتی لە قەزای ماوەت دەکەن و بە بەردەوامیش بەسەر گوندەکانی ناوچەی برادۆست و بناری قەندیل و شارباژێردا دەسوڕێنەوە.
هاوكات پهیامنێری وێستگهنیوز له ئیدارهی راپهڕین رایگهیاند، له ئهنجامی بۆردومانهكاندا زیان به جامی پهنجهرهی چهند ماڵێكی گوندی ئیندزێ له بناری قهندیل كهوتووه و شكاون، بهڵام تا ئێستا زیانە گیانییەکان نەزانراون.
PM:10:38:03/10/2023
ئهم بابهته 12080
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت