سه‌رۆكی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی مامۆستایان: ساڵێكی بایكۆت له‌ ده‌وامی پچڕپچڕ باشتره‌


وێستگه‌نیوز-
دوای‌ راگه‌یاندنی‌ لیستی‌ مووچه‌ی‌ یه‌ك مانگ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆكی‌ لقی‌ گه‌رمیانی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان داواكاره‌ مامۆستایان به‌ یه‌ك مووچه‌ بایكۆت نه‌شكێنن و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن و پێیوایه‌ كه‌ "ساڵێكی بایكۆت له‌ ده‌وامی پچڕپچڕ باشتره‌".


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023 وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان لیستی مووچه‌ی مانگی حه‌وتی راگه‌یاند كه‌ دابه‌شكردنه‌كه‌ی‌ درێژه‌ده‌كێشێت تا 8ی‌ مانگی‌ داهاتوو و به‌گوێره‌ی لیسته‌كه‌ش رۆژی‌ 30ی‌ ئه‌یلول مووچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ دابه‌شده‌كرێت.

ئازاد حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستیان بۆ كۆتاییهێنان به‌ بایكۆتركردنی‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن، به‌ رادیۆی ده‌نگی وت: "داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌م كه‌ به‌ موچه‌یه‌ك نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو هۆڵه‌كانی خوێندن، چونكه‌ ساڵێكی بایكۆت له‌ ده‌وامی پچڕپچڕ باشتره‌".
 
وتیشی: "ئێمه‌ ئه‌شێت ئه‌ودیوی مووچه‌مان لێده‌ركه‌وێت كه‌ بزانین یان متمانه‌مان هه‌بێت حكومه‌ت مووچه‌كان هه‌مووی دابین بكات نه‌ك ئێستا مانگی 10یه‌، حكومه‌ت موچه‌ی مانگی حه‌وت ده‌دات".

سه‌رۆكی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان داواش له‌ مامۆستایان ده‌كات "یه‌كڕیزی خۆیان بپارێزن و بتوانن ئه‌و خه‌باته‌ مه‌ده‌نیه‌ درێژه‌ پێبده‌ن، به‌رده‌وامیشین له‌ پشتگیریكردنی مامۆستایان".

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024دا رۆژی 13-09-2023 زۆرینه‌ی‌ مامۆستایانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان و راپه‌ڕین به‌هۆی وه‌رنه‌گرتنی مووچه‌كانی مانگی حه‌وت و هه‌شت بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنیان كرد و به‌رده‌وامیشن.



PM:10:01:24/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 2324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو