پۆلیسی راپه‌ڕین: باوكێك دوای گیان له‌ده‌ستدانی كچه‌كه‌ی، سكاڵا تۆمار ده‌كات


وێستگه‌نیوز، ئه‌میر حه‌سه‌ن-
وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ راپه‌ڕین رایگه‌یاند كه‌ باوكێك دوای گیان له‌ده‌ستدانی كچه‌ 15 ساڵانه‌كه‌ی، سكاڵا له‌سه‌ر پزیشكێك و به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی رانیه‌ تۆمار ده‌كات.


كه‌سوكاری‌ ئه‌و كچه‌ی‌ گیانی‌ له‌ده‌ست داوه‌ به‌ وێستگه‌نیوزیان راگه‌یاند كه‌ "كاردینا ئامانجی ته‌مه‌ن پانزه‌ساڵ دانیشتووی قه‌زای رانیه‌ دواتی‌ تێكچوونی‌ باری‌ ته‌ندروستی‌، كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌یبه‌ن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی رانیه‌، به‌ڵام دكتۆر خه‌فه‌ر له‌وێ ئاماده‌نه‌بووه‌".

ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌"كچه‌كه‌ پێویستی به‌ ئه‌شیعه‌ ده‌بێ، دكتۆری خه‌فه‌ر به‌ڤایبه‌ر ده‌یاننێرێ بۆ ئه‌شیعه‌، دواتر له‌ڕێگه‌ی ڤایبه‌ره‌وه‌ ئه‌شیعه‌كه‌ ده‌نێرنه‌وه‌ بۆ دكتۆره‌كه‌ و هه‌ر به‌ ته‌له‌فۆنیش ئیحاله‌ی هه‌ولێری ده‌كه‌ن".

كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ باسیشیان له‌وه‌ كرد كه‌ "ته‌نانه‌ت هیچ كارمه‌ندێكی ته‌ندروستیان له‌گه‌ڵ ناچێ و دایك و باوكی كچه‌كه‌ خۆیان ئۆكسجین بۆ منداڵه‌كه‌ داده‌نێن، به‌ڵام دوای چه‌ند كاتژمێرێك كچه‌كه‌یان گیان له‌ده‌ست ده‌دات".

ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌ باوكه‌كه‌ دوای‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ كچه‌كه‌ی‌، له‌بنكه‌ی پۆلیسی كێوه‌ڕه‌ش سكاڵای تۆماركردووه‌.

وێستگه‌ به‌دواداچوونی‌ زیاتری‌ كرد و په‌یوه‌ندی‌ كرد به‌ شۆڕش ئیسماعیل وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕینه‌وه‌، ئه‌ویش به‌وێستگه‌ نیوزی وت: "رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 2023/9/19 هاوڵاتیه‌ك سه‌ردانی بنكه‌ی پۆلیسی كێوه‌ڕه‌شی كرد به‌ مه‌به‌ستی تۆماركردنی سكاڵا له‌دژی دكتۆرێكی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشیه‌كانی مێشك و ده‌مار له‌ شاری رانیه‌ و به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی رانیه‌".

وتیشی‌: "به‌ وته‌ی سكاڵاكار، كچه‌كه‌ی پێشتر كێشه‌ی خوێنبه‌ربوونی مێشكی هه‌بووه‌ و نه‌خۆشی تایبه‌تی دكتۆره‌كه‌ بووه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ به‌رواری 2023/9/17 دووباره‌ توشی خوێنبه‌ربوونی مێشكی بووه‌، باوكه‌كه‌ كچه‌كه‌ی گه‌یاندۆته‌ نه‌خۆشخانه‌ وه‌ هه‌مان دكتۆر خه‌فه‌ر بووه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌".

"باوكه‌كه‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ له‌وكاته‌دا دكتۆره‌كه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ لای كچه‌كه‌ی، ته‌نها له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌ڵامی كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر بكرێت"، شۆڕش ئیسماعیل وای‌ وت.

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین راشیگه‌یاند كه‌ "له‌ئێستادا  په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن".



AM:12:10:22/09/2023




ئه‌م بابه‌ته 9048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو