كه‌جه‌كه‌: هێرشه‌كانی‌ توركیا به‌ پشتیوانی خیانه‌تكاران ئه‌نجام ده‌درێن


 وێستگه‌نیوز -
هاوسه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆماجڤاگێن كوردستان "كه‌جه‌كه‌" رایگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كانی‌ توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان و رۆژئاوا به‌ پشتیوانی خیانه‌تكاران ئه‌نجام ده‌درێت.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی‌ ئه‌یلولی 2023 هاوسه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆماجڤاگێن كوردستان "كه‌جه‌كه‌" راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "ده‌وڵه‌تی تورك هێرشه‌كانی زیاتر كردووه‌، له‌م دواییانه‌دا له‌ سلێمانی و هه‌ولێر هێرش ئه‌نجامدرا، دوو ڕۆژ پێش ئێستا له‌ ڕۆژئاوا و شه‌نگال هێرش ئه‌نجامدرابوون. ئه‌و هێرشانه‌ شه‌هیدیان لێكه‌وته‌وه‌".

هاوسه‌رۆكایه‌تی كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌دا په‌نجه‌ی خیانه‌ت بوونی هه‌یه‌. ئه‌و هێرشانه‌ نه‌ك به‌ هێزی دوژمن، به‌ڵكوو به‌ پشتیوانی خیانه‌تكاران ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌و هێرشه‌ خیانه‌تكارانه‌یه‌ شه‌هیدیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ئازاره‌، به‌ڵام راستیه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "په‌یوه‌ندی بارزانییه‌كان و ده‌وڵه‌تی تورك خیانه‌تێكی ئاشكرایه‌ و ئه‌و هێرش و شه‌هیدبوونانه‌ هه‌مووی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌. ده‌بێت هه‌موو كه‌س ئه‌و راستیه‌ ببینێت و قه‌بوڵی بكات".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕٍوو كه‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ زیاتر چاوپۆشی لێبكرێت و هه‌ڵوێستی پێویستی به‌رامبه‌ر نه‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌و كاته‌ وه‌ك گه‌ل ئێمه‌ ده‌كه‌وینه‌ دۆخێكی به‌ئازارتر و خراپتر".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی پێویست به‌رامبه‌ر به‌ خیانه‌ت نیشان نه‌درێت، ئه‌و داوه‌ی له‌سه‌ر خیانه‌ت سازكراوه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام. كوردێك نییه‌ كه‌ نه‌زانێت ئه‌و داوه‌ چییه‌. ئه‌و داوه‌ پلانی ده‌وڵه‌تی توركه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ كورد و كوردایه‌تی له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆسایده‌وه‌".

هاوسه‌رۆكایه‌تی كه‌جه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ "دوای ئه‌وه‌ی هاكان فیدان سه‌ردانی عێراق و باشووری كوردستانی كرد و دیداری ئه‌نجامدا، هێرشه‌كان زیاتر بوون. ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ رۆژانی رابردوودا له‌ هه‌رێمی برادۆست رووده‌ده‌ن ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ پلانی نوێ جێبه‌جێ ده‌كرێن و ده‌خوازرێت كه‌ ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌و پلانه‌دا به‌شداری پێبكرێت و پلانی ده‌وڵه‌تی تورك بریتییه‌ له‌ داگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی باشووری كوردستان".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌جه‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ "له‌ هه‌ولێر هێرش كرایه‌ سه‌ر نوسینگه‌ی كه‌نه‌كه‌، له‌ ئه‌نجامیدا نوێنه‌ری كه‌نه‌كه‌ له‌ باشوور هه‌ڤاڵ ده‌نیز جه‌وده‌ت بولبول شه‌هید بوو. ئه‌و رووداوه‌ زۆر واتاداره‌ كه‌ هێرش له‌ دژی كه‌نه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌".

راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "بارزانیه‌كان هیچ مه‌راق و په‌رۆشیه‌كیان بۆ یه‌كێتی كوردان نییه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن هه‌ڵسوكه‌وتێكی به‌و جۆره‌ن كه‌ له‌ سه‌ر جینۆسایدی كوردان ده‌ژین و ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت. ئێمه‌ ناچارین به‌ خیانه‌ت بڵێین خیانه‌ت. ئه‌گه‌ر بتوانین ئه‌مه‌ بكه‌ین، ئێمه‌ بتوانین به‌ خیانه‌ت بڵێین خیانه‌ته‌ و هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر نیشان بده‌ین، ئه‌و كاته‌ رێگری له‌ شكست و دۆڕاندن و كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین".


PM:02:35:19/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت