هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر: توركیا داگیركه‌ره‌ و پێویسته‌ فشار بكرێت بۆ راگرتنی‌ پێشێلكارییه‌كانی‌


وێستگه‌نیوز-
هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر كه‌ له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووتری‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، رایگه‌یاند كه‌ توركیا داگیركه‌ره‌ و پێویسته‌ عێراق فشار بكات بۆ راگرتنی‌ ده‌ستدرێژی‌ و پێشێلكارییه‌كانی‌.


ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 19ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023، هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر ئیدانه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ توركیا بۆسه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی‌ عه‌ربه‌ت له‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كات كه‌ بووه‌هۆی‌ شه‌هیدبوون و برینداربوونی‌ 6 ئه‌ندامی‌ ده‌زگای‌ دژه‌تیرۆر".

هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر ده‌ڵێت: "توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ كاره‌ دوژمنكارییه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر عێراق له‌ژێر پاساوی‌ جیاجیادا، به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی‌ جددی‌ نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر دوژمنكارییه‌كانی‌ و پێشێلكردنی‌ سه‌روه‌ری‌ عێراق".

ده‌شڵێت: "به‌رده‌وامبوونی‌ بێده‌نگی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ عه‌یبه‌یه‌ و نه‌رمینواندن به‌رامبه‌ر دوژمنكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ توركیا خیانه‌ته‌".

هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "توركیا عێراقی‌ داگیركردووه‌ و ده‌یان بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ قوڵایی خاكی‌ عێراقدا هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ پێشێلكردنی‌ سه‌روه‌ری‌ و ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری‌ ناوخۆیی عێراق كه‌ تا ئێستا بێده‌نگی‌ لێكراوه‌، ئه‌مه‌ش كێشیه‌كی‌ نیشتمانی-یه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ عێراق چه‌ندین بژارده‌ی‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردنی‌ توند له‌گه‌ڵ‌ توركیا هه‌یه‌ و پێویسته‌ یاسای‌ یارییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ توركیا له‌ رووی‌ ئه‌منی‌ و سیاسی‌ و ئابوورییه‌وه‌ بگۆڕین، گه‌ر نیشتمان به‌ها و سه‌روه‌ری‌ پیرۆزی‌ هه‌بێت.

هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌م ساته‌ مێژووییه‌دا ئه‌مه‌ش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ جددییه‌ بۆ هێزه‌ به‌رپرسیاره‌كان له‌ ده‌وڵه‌ت".


پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه‌ 18ی ئه‌یلولی 2023 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌تی كرده‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی دژه‌تیرۆری كوردستان (CTG) شه‌هیدبوون  و سێ پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش برینداربوون.




AM:11:58:19/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت