عه‌باس نیلفروشان: 19ی‌ ئه‌م مانگه‌ دوا واده‌یه‌ بۆ عێراق‌ و هه‌رێم بۆ چه‌ككردنی‌ گروپه‌ جوداخوازه‌كان

‌عه‌مید عه‌باس نیلفروشان جێگری ئۆپراسیۆنه‌ گشتییه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران

وێستگه‌ نیوز-
جێگری ئۆپراسیۆنه‌ گشتییه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند كه‌ 19ی‌ ئه‌م مانگه‌ دواواده‌یه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان تا حزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات چه‌ك بكه‌ن و هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ "رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت به‌رگریی له‌ خۆمان ده‌كه‌ین".


عه‌مید عه‌باس نیلفروشان جێگری ئۆپراسیۆنه‌ گشتییه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ته‌سنیمی‌ ئێرانی‌ وتی‌: "چاوه‌ڕوانی برایه‌تی له‌ برایانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین".

وتیشی‌: "ڕێگه‌دان به‌ بوونی‌ تیرۆریستان له‌ هه‌رێم كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان دژی وڵاته‌كه‌مان، له‌گه‌ڵ لۆژیكی برایه‌تی‌ و دراوسێیه‌تی باشدا ناگونجێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوای دانوستانه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان، دواجار ڕێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ‌و هه‌رێمی كوردستان ئیمزا كرد، كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی 19ی ئه‌یلوله‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ هه‌موو بڕگه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌، نه‌ وشه‌یه‌ك كه‌متر و نه‌ وشه‌یه‌ك زیاتر".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "پێشبینی ده‌كه‌ین له‌و ماوه‌یه‌ی ئاماژه‌ پێكراوه‌ (واتا 19ی ئه‌م مانگه‌)، وه‌ك چۆن كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڵێنی خۆی جێبه‌جێ كرد، لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكات. ئه‌گه‌ر نا دۆخه‌كه‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی پێشوو و ناچارین به‌رگریی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی ئێران بكه‌ین".


PM:02:55:09/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو