پشتیوان سادق: خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زۆر زیاتره‌ له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانمان

‌پشتیوان سادق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌

وێستگه‌ نیوز-
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و خاڵانه‌ی لێكیان نزیك ده‌كاته‌وه‌ "زۆر زیاتره‌" له‌و خاڵه‌ ناكۆكانه‌ی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 28ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2023 له‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قورباندا، پشتیوان سادق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ هاوكات وه‌زیری ئه‌وقافی هه‌رێمه‌، له‌ مزگه‌وتی جه‌لیل خه‌یات نوێژی جه‌ژنی كرد و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا پیرۆزیی له‌ "هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان"ی كرد.

پشتیوان سادق سه‌باره‌ت ده‌ره‌نجامی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ رۆژی دووشه‌ممه‌، 26ی حوزه‌یرانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر، وتی: "بێگومان ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ لێكمان نزیك ده‌كاته‌وه‌ زۆر زیاتره‌ له‌و خاڵه‌ ناكۆكانه‌ی كه‌ له‌ نێوانمان هه‌ن".

وتیشی‌: "ده‌رئه‌نجام پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ربكه‌ین و هه‌زار كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌ باشتره‌ له‌ ناكۆكییه‌كان".
 
سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمی به‌شداریكردنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ 6ی كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2023 به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هیشتا بڕیارمان نه‌داوه‌ چۆن و به‌ چ لیست و شێوازێك به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ناكۆكیی له‌سه‌رن".

ئاشكراشیكرد كه‌ "تائێستا له‌وباره‌وه‌ كۆنه‌بووینه‌ته‌وه‌ و دوای جه‌ژن كۆده‌بینه‌وه‌ و بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین".
 
پشتیوان سادق راشیگه‌یاند كه‌ "پارتی هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی ده‌توانین ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان زیاتر و به‌هێزتر بكه‌ین، ده‌بوو له‌ به‌غداش زیاتر و جوانتر مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین".


AM:10:18:28/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت