ڤیان سه‌بری‌: دژی لادانی بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت


وێستگه‌ نیوز-                                
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی‌ كورستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی لابردنی بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ رایگه‌یاند كه‌ وه‌كو پارتی به‌هه‌موو جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه‌.


ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی‌ كورستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی لابردنی بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی بودجه‌ له‌ پڕۆژه‌یاسای گشتیی بودجه‌ی عێراق وتی‌: "ئێمه‌ وه‌كو پارتی به‌هه‌موو جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ مافی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ و پێویسته‌ ته‌رخانی دارایی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆ بكرێت".

ڤیان سه‌بری بۆ كوردستان 24 ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "هه‌موو ئه‌وانه‌ی موزایه‌ده‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌نیا یاری به‌ هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك ده‌كه‌ن. كه‌سیان داوای ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌بێ بڕه‌ پاره‌ ته‌رخان بكرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

پێشتر سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هادی عامری و كوتله‌كان بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم لادرا.

سۆران عومه‌ر وتی‌: "به‌نده‌و كاك خالید شوانی له‌وێ زۆر دژی بووین، سروه‌ خانیش هات و  كاك هه‌رێمیش دژی ئه‌وه‌بووین".

وتیشی‌: "به‌ هادی عامریم وت ئه‌وه‌ مافی خه‌ڵكه‌ چۆن لایده‌به‌ن وتی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌حه‌مولی ناكات، یوسف كلابی وتی من له‌كۆبونه‌وه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌ لایناده‌ین..".

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند كه‌ "گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە پێشنیاری ئێمە بووە و داکۆکی لێ دەکەین".

هاوكات رێبوار ئه‌وڕه‌حمان وته‌بێژی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ رایگه‌یاند كه‌ "پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتن له‌سه‌ر لابردنی بڕگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم".

لای‌ خۆیه‌وه‌ د. موسەننا ئه‌مین ئەندامی ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق لە‌ فراکسیۆنی یەکگرتوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا وتی‌: "ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی دوای ئەو ستەمەی لەخەڵکی کوردستانیان کرد، هاتن لەبەر جێگیرکردنی هەندێ بڕگە لە بەرژەوەندی خۆیان، بە نێوەندگیری چەند سیاسییەک، زەڕبیاندا لە بڕگەی پاشەکەوتی مووچە".


PM:09:28:09/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 6180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت