بەرپرسێکی کۆمسیۆنی عێراق: 10 مانگمان پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

‌باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌نیوزـ

لە پاش بڕیارەکەی رۆژی سێشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ نادەستووری درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بابەتێکی نوێ لە هەرێم سەری‌ هەڵدا، ئەوەیش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.


هیمان تەحسین بەگ، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: بەڕێوەبردنی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانی کەم پێویستیان بە 10 مانگ هەیە، بۆیە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا قورسە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

وتیشی: "بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکەوێتە سەر چەند شتێک، یەکەم پێویستە بە فەرمی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە داوامان لیبکرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، تا ئەم ساتەش هیچ داوایەکمان لەو ڕووەوە لێنەکراوە".

هیمان تەحسین بەگ وتیشی: "ئێمە ئێستا لەم کاتەدا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عیراق، ئەو رۆژە گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلمان کرد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێرق  بۆ دیاریکردنی رۆژی 18ی مانگی دوانزەی ئەمساڵ2023 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، بۆیە ئێستا کۆمسیۆن سەرقاڵی رێوشوێن و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لە عێراق".

وتیشی: "هەرێمی کوردستانیش لە چوار پارێزگا پێکهاتووە، بۆیە لەم کاتە و لە ئەمساڵدا کارکردن بۆ رێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە کەمێک ئاڵۆزە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانتان لێبکات ئایا هەر ناتوانن لە ئەمساڵدا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە ببەن؟

لە وەڵامدا هیمان تەحسین بەگ وتی: "پێم وایە ئەستەمە بۆ ئێمە وەک کۆمسیۆن، چونکە رەنگە فریای زۆر شت نەکەوین، لەبەر ئەوەی روونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەبێت بە یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردنی هەرێم بکرێت".

بەرپرسە باڵاکەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی: "پێویستە ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆببێتەوە و گفتوگۆیەکی باش بکرێت لەگەڵ هەموو فەرمانگەکانی کۆمسیۆن دەبێت بزانین ئامادەییمان هەیە یاخود نا؟ ئەو رێگرییانە چین ئەگەر بمانەوێت ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین؟ بە تەواوی چەندە کاتمان پێویستە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بە فەرمی داوامان لێکرا".

هیمان تەحسین بەگ وتیشی: "ئەمڕۆ وەک کۆمسیۆن کۆبوونەوەیەکی زۆرمان لە ناو فەرمانگەکانی خۆمان لە بەغدا ئەنجامدا بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەنجامی ئەوەی فەرمانگەکانمان وەڵامی ئەو پرسیارانەمان بدەنەوە".

بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی وت: "پێشتریش ئاماژەمان پێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێک پێویستمان بە 10 مانگ هەیە بۆ ئامادەکارییەکان تا گرێبەست بکەین لەگەڵ کۆمپانیاکان، و تەواوی ڕێکارەکانی تر جێبەجێ بکەین".

هەروەها وتی: "نایشارمەوە ئێمە ئێستا ئامادەکاری باشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، بەڵام ئەم بابەتی هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێم نوێیە و ئامادەکاری زۆری دەوێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە حاڵەتێکدا ئەگەر بە فەرمی داوای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمتان لێکرا هەماهەنگیتان چۆن دەبێت لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم؟

لە وەڵامدا هیمان تەحسین بەگ وتی: "ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوە ببەین، رەنگە ئەو پێویستییە ئەوتۆیەمان نەبێت بە کۆمسیۆنی هەرێم، مەگەر تەنها بۆ چەند بابەتێکی رێکاری پێویستمان بێت، چونکە ئێمە ئەزمونی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرتاسەریمان لە عێراق هەیە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان چەند جار بەڕێوەبردووە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "رێوەشوێنەکان و ئامادەکاریییەکانی ئەوان(کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم) لە رووی هونەرییەوە جیاوازە، چونکە ئێمە هەموو رێوشوێنەکان بە ئامێر دەکەین، بەڵام ئەوان ئەو رێوشوێنەیان نییە، تۆماری دەنگدەرانی ئێمە نوێکراوەتەوە و چاودێرییەکی توندی لەسەرە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە تایبەتمەندییەکانی جیهان".

دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێم و هەروەها سکاڵایەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاری دا بەنادەستوری بوونی بڕیاری درێژکردنەوەی خولی کارکردنی پەرلەمانی هەرێم، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی هەرێم لە دوای 6ی مانگی یانزەی ساڵی رابردووە 2022 داویەتی.

هەر دوێنێ پسپۆڕی یاسای دەستوری (دەریابڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نادەستوری بوونی ماوەی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی هەرێم، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "یەکێک لە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لێدەکەوێتەوە کە لە دوای رێکەوتی 6ی مانگی یازدەی ساڵی 2022وە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون، گرنگترینیان یاسایی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان".


PM:09:51:31/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو