بافڵ تاڵەبانی: هەموو هەوڵەكانمان لەپێناو یەكخستن و یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییەكانە
وێستگەنیوز-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و رەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی، لە دیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان، یەكخستنی هەوڵەكان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بەرێككەوتنێكی نیشتمانی تاوتوێكران.
لە دیدارەكەدا هەر سێ لایەنەكە لەسەر رەخساندنی زەمینەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆی بونیادنەر كۆكبوون لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووە و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان لەپێناو سەقامگیری و داهاتووی وڵات.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشە و رەوینەوەی گرژییەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵەكانمان لەپێناو یەكخستن و یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییەكانە لەپێناو داهاتووی وڵات. ئەركی هەموولایەكە بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و داهاتووی وڵات نەخەنە مەترسییەوە، بەرژەوەندییە باڵاكان لەبەرچاو بگرن و ژیانی هاوڵاتییان نەكەنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان".
PM:08:31:08/10/2022
ئهم بابهته 2052
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت