ژینا ئەمینی بە هۆی سه‌ختی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا

‌ژینا ئەمینی

وێستگه‌نیوزـ

ئەو کچە کوردە 22 ساڵەی‌ لەلایەن هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی‌ پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی‌ لە تاران دەستبەسەرکرا و دواتر ئەشکەنجەدرا، بەهۆی‌ قورسی‌ برینەکانییەوە گیانی‌ لەدەستدا.


رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌: ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی ئه‌یلولی 2022، لەلایەن هێزەکانی (بەرەنگاربوونەوەی‌ پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی‌)  درایە بەر لێدان و چووبووە کۆما نیوەڕۆی هەینی 16ی ئه‌یلول، لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی سه‌ختی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.

بنەماڵەی ئەمینی لەلێدوانێکدا بۆ هەنگاو هەواڵی گیان لەدەستدانی کچەکەیان پشتڕاست کردەوە.

ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن بەرەنگاربوونەوەی‌ پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی‌ دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزەرای ئەو شارە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی رایگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران بە باتۆم دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا.

سەرچاوەكه‌ راشیگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان راگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.

هەنگاو زانیویەتی بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا راگیراوە و بەڵام رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ هیچ ڤیدیۆیه‌ك تۆمار بكه‌ن، بنەماڵەکەی رایانگەیاندووە جەستەی ژینا رەش و شین بووە و ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە.

ئەندامێکی بنەماڵەی ئەمینی رۆژی رابردوو به‌ رێكخراوی هه‌نگاوی راگه‌یاندبوو، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کردووە کە نابێت بە هیچ شێوە لەو بارەوە لەگەڵ میدیای دەرەکی قسە بکەن.


PM:04:38:16/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 3508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت