فارس عیسا: لە هەولێر نووسینگەیەک بۆ ڕاییکردنی کارەکانی هاوڵاتیانی هەرێم لە بەغدا دەکرێتەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، بۆ ڕاییکردن و بەدواداچوونی مامەڵەی ھاووڵاتیان لە ھەرێم و عێراق، لەم مانگەدا نووسینگەیەک لە ھەولێر دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: "بڕیارە لەم مانگەدا لە ھەولێر نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسینگەیەک بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە بۆ کردنەوەی نووسینگەکە".

لەبارەی مەبەستی کردنەوەی نووسنیگەکەش، فارس عیسا وتی: "کردنەوەی ئەو نووسینگەیە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانه‌ بۆ ئەوەی لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی عێراق ڕایی بکرێت و بەدواداچوونیشی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت".

فارس عیسا  ڕوونیشیکردەوە: "نەک تەنھا مامەڵەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی ئەو نووسینگەیە لە عێراق ڕایی دەکرێت بگرە مامەڵەی ھاووڵاتیانی عەرەبیش لە عێراق لە ھەرێمی کوردستان وەردەگرن، بۆ ئەوەی بۆیان ڕایی بکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکەن، ئەمەش وەکو ئاسانکاریەک بۆ ھاووڵاتیانی ھەردوولا ".


PM:05:46:03/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 3220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت