کاروان گەزنەیی: حکومەتی هەرێم 10 ملیار دۆلاری هاووڵاتیان قەرزدارە


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "تا ئێستاش حکومەتی هەرێم زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری هاووڵاتییان قەرزدارە و وتەبێژی حکومەت دەڵێت پارەکە لای ئێمە نیە؛ و دەبێت هاووڵاتییان لە حکومەتی ناوەندی وەریبگرنەوە".


کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، "متمانە دروست نابێت کە بەرپرس و کوڕەکانییان و بازرگانەکان خاوەنی دەیان هەزار مەتر زەوی بن، و کەمئەندامێک خاوەنی دە مەتر زەوی نەبێت".

دەشڵێت، "تا ئێستاش حکومەتی هەرێم زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری هاووڵاتییان قەرزدارە و وتەبێژی حکومەت دەڵێت پارەکە لای ئێمە نیە؛ و دەبێت هاووڵاتییان لە حکومەتی ناوەندی وەریبگرنەوە!!".


کاروانی گەزنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕۆژانە هاووڵاتیان بە قەیرانی زیاتر دەسپێردرێن- لە بەنزینەوە بۆ غاز؛ تا ئێستا و لە وڵاتێکی خاوەن نەوتی، نەتواندراوە کارەبای 24 کاتژمێری دابینبکرێت".

لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەڵێت، "کێشەکانی ئاو و بێکاری کە دوو مەترسیدارترین کێشەن، حکومەت هیچ بەرنامە و پلانێکی بۆیان نیە!! زەحمەت نەبێت متمانە بەم شێوەیە چۆن دروست دەبێت؟  متمانە چۆن دروست دەبێت کوڕی بەرپرس و هەندێک بەرپرس خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار بن، و ئاسایش و کەمئەندامێکیش بە 200 هەزار خانەنشین بکرێن؟ متمانە چۆن دروست دەبێت عەرز و زەوی هەمووی بەسەر بازرگان و بەرپرس و کوڕەکانییان دابەشبکرێت، و خەڵکیش هەبێت خاوەنی دە مەتر زەوی نەبێت؟".


PM:10:58:23/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 3448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت