حزبی شیوعی، زەحمەتكێشان، بزوتنەوەی دیموكراتی راگەیەندراوێکیان بۆ رای گشتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز_
هەریەک لە حزبی شیوعی، زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی دیموکراتی پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئێمە لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوورین لە چوارچێوەی میکانیزمی ئەو ماددانەی کە خودی دەستووری ئێستا بۆ هەموارکردنەوە ئاماژەی پێکردووە، مەبستمان پاراستنی مافی هەرێمی کوردستانە کە دەستوورێک بە زۆربە بەسەریدا فەرز نەکرێت و لە هەموو حاڵەتێکدا دەستوور دەبێ بە ڕەزامەندی پێکهاتەکان بێت.
دهقی راگهیهندراوهكه
(شیوعی، زەحمەتكێشان، بزوتنەوەی دیموكراتی):
یاداشتێکی کراوە بۆ ڕای گشتی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان
لە چوارچێوەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ پەرەسەندنەکانی ڕەوشی گشتی دەوڵەتی عێڕاق و، بوونی بنبەستی سیاسی و بارگرژی و ئاڵۆزبوونی گرفتەکان و، بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی بۆچونێکی سیاسی کوردستانی یەکگرتوو کە لەلایەن جەماوەی خەڵکی کوردستانەوە پەسەند بێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
ــ بنبەستی سیاسی و ئاڵۆزبوونی ناکۆکییەکانی نێو ڕەوتی سیاسی شیعە ڕەنگدانەوەیەکی دیکەی قەیرانی مێژووی دەوڵەتە لە عێڕاقدا و، ئەمڕۆش بەشێوەی ململانێ لە سەر دەسەڵات و ڕێکنەکەوتن لەسەر دامەزراندنی حکومەت و، بوونی دادگای ئیتحادی بە بەشێک لە ململانێی سیاسی و، دەستێوەردانی وڵاتی ئیقلیمی، رەنگدەداتەوە.
ــ قەیرانەکان ئاماژەیە بۆ بنبەستبوونی پرۆسەی سیاسی کە دەبوایە لە 2003وە لە سەر بنەمای هەماهەنگی و شەراکەت و هاوسەنگی و جێبەجێکردنی دەستور بوایە و، ئەم بابەتانەش فەرامۆش کران.
ــ کەڵەکەبوونی گۆڕانکارییە چەندایەتییەکانی چەندین ساڵی ڕابووردوو، کە لە ئێستادا هەنگاو بۆ گۆڕانکاری چلۆنایەتی دەنێت کە جاری چەمکەکانی گۆی نەکردووە و لە میانەی گەڵاڵەبووندایە.
ـ بابەتە نوێکان کە ڕەوشی سیاسی نوێ و گوتاری سیاسی لایەنە ناکۆکەکان دەیخەنە ڕوو پەیوەندییان بە نوسینەوە یان هەموارکردنی دەستووری دەوڵەتی عێڕاقە و، گۆڕینی سیستمی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنە.
ــ بۆ هەڵوێست وەرگرتن سەبارەت بەم بابەتانە هەڵوێستی یەکگرتووی کوردستانی کە پشت بە متمانە و ئیرادەی گەلی کوردستان ببەستێت پێویستە.
ــ سەبارەت بە بابەتی دەستوور ئێمە لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوورین لە چوارچێوەی میکانیزمی ئەو ماددانەی کە خودی دەستووری ئێستا بۆ هەموارکردنەوە ئاماژەی پێکردووە و، مەبستمان پاراستنی مافی هەرێمی کوردستانە کە دەستوورێک بە زۆربە بەسەریدا فەرز نەکرێت و،لە هەموو حاڵەتێکدا دەستوور دەبێ بە ڕەزامەندی پێکهاتەکان بێت.
ــ لەم هەلومەرجەدا ڕێگای نەهێشتنی ناوەندێتی ڕەها لە بەرێوەبردنی دەوڵەت لە حاڵەتی گۆڕینی سیستمی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی، بڕیاڕدانی کۆنفیدراڵییە بۆ پەیوەندی کوردستانی باشور بە دەوڵەتی عێڕاقەوە.
ــ دووبارەکردنەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەبێ لە چوراچێوەی ڕێڕەوە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق بێت و، ئەمەش پێویستی بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن هەیە کە عێڕاق یەک بازنە بێت و، لە هەموو ڕویەکەوە زەمینەی هەڵبژاردنێکی بێگەرد فەراهام بکرێت و، كار بۆ ھەڵوێستێكی كوردستانی یەكگرتوو سەبارەت بەم بابەتە بكرێت.
ــ هەڵوێستی کوردستانی یەکگرتوو سەبارەت بەم بابەتانەی سەرەوە پێویستی بە پشتگیری خەڵکی کوردستان هەیە، و ڕێکای وەدەسهێنانی ئەم پشتگیرییە بە پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە بە سیاسەتی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و، گرتنەبەری ڕێگای دانانی دەستووری کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی بارێزگاکان و، پێداچوونەوەی بە سیاسەتی ئابووری و راگرتنی هەنگاوەکانی بەتایبەتکردنی ڕەهای سەرجەم چالاکییە ئابوورییەکان و، نەهێشتنی فشار لە سەر ئاازادییەکانی خەڵک و، دابینکردنی موچە لە کاتی خۆی و، گرتنەبەری سیاسەتێکی چاکسازی ئەوتۆ کە گەشەپێدانی مرۆییی دابین بکات و، لە سەر باشکردنی ژیانی خەڵک و خۆشگوزەرانی ڕەنگبداتەوە.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان:
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
10ی ئابی 2022
PM:03:55:10/08/2022
ئهم بابهته 2216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت