بەرهەم ساڵح لێبوردنە تایبەتەكەی هەڵوەشاندەوە

‌بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق

وێستگەنیوز

دوای ئەوەی لێبوردنە تایبەتەكەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کەسێک کە بەتۆمەتی "بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەكان دەستگیرکرابوو" ناڕەزایی لە شەقامی عێراقی لێکەوتەوە، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح لێبوردنە تایبەتەكەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئه‌وانه‌ی هۆكاری كه‌مته‌رخه‌می ناو مه‌رسومه‌كه‌ بوون سزا ده‌درێن.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 28-2-2022 لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانیکرد هەردوو مەرسومی کۆماری ژمارە 1 و 2 هەڵبوەشێنرێنەوە، هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوە تایبەت بە دەرکردنی هەردوو مەرسومەکە بەپەلە کۆببێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک کۆمار داواشی لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە رێکاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر دوای کشاندنەوەی هەردوو مەرسومەکە، هەروەها داوا لە هەردو وەزارەتی داد و ناوخۆ کراوە فەرمانی دەستگیرکردنەوە بۆ ئەو تۆمەتبارە دەربکات کە بەگوێرەی مەرسومەکە فەرمانی لێبوردنی بۆ دەرچووبوو.
 
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی هۆکاری دەرچوونی مەرسومەکە و کەمتەرخەمییەکان دیاریبکەن و روبەڕوی سزایان بکەنەوە، چونکە سەرۆک کۆمار جەخت دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لەکارئاسانیکردن بۆ تۆمەتبارانی مادە هۆشبەرەکان و پێشێلکاری یاسایی ناکات، ئەویش بەهۆی ئەو مەترسیانەی  تۆمەتبارانی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی وڵات دروستی دەکەن.

رونکردنەوەکەی سەرۆک کۆماری عێراق لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردودا فەرمانێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکرایەوە، یەكێك لەم دوو مەرسومە كە سەرۆك كۆمار فەرمانیداوە هەڵوەشێندرێنەوە، لێبوردنێكی تایبەتی سەرۆك كۆمارە بۆ كوڕی پارێزگاری پێشووی نەجەف، كە لەسەر بازرگانیكردن بە مادەهۆشبەرەكان، حوكمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچووە. 

بڵاوبونەوەی دەقی لێبوردنی بەرهەم ساڵح بۆ بازرگانێكی ماددە هۆشبەرەكان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی لەكاتێكدا بەرهەم ساڵح بۆ ویلایەتی دووەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردوەتەوە. 


PM:07:37:28/02/2022


ئه‌م بابه‌ته 13116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو