لە ئیدارەی راپەڕین هیچ مەڕاسیمێک بۆ ساڵی نوێ بەڕێوەنەچوو



وێستگەنیوز- هێمن عەبدوڵا

شەوی رابردوو لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین هیچ چالاکییەک بەهۆی بۆنەکانی سەری ساڵەوە بەڕێوەنەچوو، ئەوەش وەک رێزگرتن لە قوربانیانی رێگەی کۆچ و بەتایبەت تەرمی ئەو هەشت کۆچبەرەی رۆژی 26ی مانگی رابردوو گەڕێنرانەوە بۆ سنورەکە و بەخاک سپێردران.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند، "لە 24 کاتژمێری رابردودا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو لە دەڤەرەکەمان ڕووینەداوە، ئێمەش وەک هێزە ئەمنییەکان بۆ هەر چالاکییەک لەدەڤەرەکە بکرێت ئامادەین بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییانی دەڤەرەکە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەیەک پێشتر کۆمەڵێک تەرم لەدەرەوەی وڵات  کە لەدەریا خنکابوون گەڕێندرانەوە بۆ سنوری ئیدارەی راپەڕین، بەو هۆیەشەوە ئەمساڵ هیچ چالاکیی و مەڕاسیمێک بۆ ساڵی نوێ بەڕێوەنەچوو".

شایەنی باسە بەرەبەیانی 26-12-2021،  دوای دووجار لە دواخستنیان، تەرمی 16 کۆچبەری خنکاو لە نۆکەندی ئینگلیزی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێنرانەوە و تەرمەکانیان کاتژمێر 2:23 گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر، لەو نێواندەشدا بەشێک لەدانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین پێشوازیان لە تەرمی هەشت کۆچبەری دەڤەرەکەیان کرد.


PM:04:37:01/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت