بافڵ جەلال تاڵەبانی: رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی بەردەوامی پێدەدەین
وێستگەنیوز-
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی و تێکۆشەر و شەهیدەکانی پشکی شێریان لە دروستکردنی کیانی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستاندا بەردەکەوێت، بۆیە بەڵێنی دەدەن وەفاداری ئەم بەرپرسیارێتییە بن و " رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتیش پشتبەستوو بەم شکۆیە بەردەوامی پێدەدەین".
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەپەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی حزبەکەی باسی لەوەشکردوە، "رۆژی شەھیدی یەکێتی بۆ ئێمە رۆژی وەفا و پابەندبوونمانە بە رێبازی خوێنی شەھیدان و درێژەپێدان بەو خەباتەی لەبەردەم پەتی سێدارەدا دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) بەرزکردەوە. لە بەرامبەر ئەم شکۆیەدا بەڕامانێکی قوڵەوە بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ھەنگاودەنێین و رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی پشتبەستوو بەم شکۆیە بەردەوامی پێدەدەین، یەکێتی یەکێتییەکەی مام دەبوژێنینەوە و لەبەرامبەر میللەت، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و تێکۆشەراندا بەڵێن دەدەینەوە وەفاداری ئەم بەرپرسیارێتییە بین و ئەم ئیرادەیە راوەستانی بۆ نییە."
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی داھاتووش کە بەرھەمی خەباتی تێکۆشانی سەختی چەکداری، سیاسی و دبلۆماسییەکی سەرکەتوو بووە لە دروستکردنی کیانی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، کە پشکی شێری ئەو سەرکەوتنە بەر یەکێتی و تێکۆشەر و شەھیدەکانی دەکەوێت، بۆیە یەکێتی حزبی سەرکەوتنە.
لەبارەی ئامانجی داهاتووی یەکێتیش بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەم حزبی سەرکەوتنەش کۆڵنادات لە خەباتی نوێی دیموکراسی، پەرلەمانیی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی ھەرێم و عێراقدا تا گەلەکەمان بە تەواوی مافەکانی دەگات و ژیانێکی خۆشگوزەران و شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵک مسۆگەردەکات، ئەم ئامانجەش بە پشتیوانی تاک بە تاکی گەلەکەمان بەدیدێت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھەمان دڵسۆزی و پەرۆشییەوە کە لەھەموو وێستگەکانی خەباتدا لە یەکێتییەکەیان کردووە".
PM:09:53:20/11/2021
ئهم بابهته 2160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت