پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.. دەچین بۆ بەغدا

‌ئاڵای پارتی، یەکێتی، کوردستان، سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێمی کوردستان

وێستگە نیوز_

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، "شاندی پارتی لە بەغداد گەڕانەوە لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی بەغدا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوە"، ئاماژە بەوەشدەکات، "شاندی هاوبەش پێکدەهێنرێ".


ئەمرۆ سێشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2021، عارف ته‌یفور ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ میدیایی حزبەکەی راگه‌یاندووە، "له‌ 24 سه‌عاتی‌ داهاتوودا شاندی‌ پارتی له‌ به‌غدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا".

دەشڵێت، "شاندی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ یه‌كێتی‌ باس ده‌كه‌ن كه‌ دۆخی‌ به‌غدا چۆنه‌ و ئه‌وان له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا چۆن گفتوگۆیان كردووه‌، دواتر شاندێكی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوولا پێكده‌هێنرێ و بۆ گفتوگۆی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی داهاتوو ده‌چنه‌ به‌غدا".

به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ته‌یفور بێت، "پەیوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌ باشن، لێكتێگه‌یشتن له‌ هه‌موو پرسه‌كاندا هه‌یه‌ و یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ خۆی‌ به‌ پاڵپشتی‌ پارتی‌ زانیوه‌".

پارتی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 10ی‌تشرینی یەکەم، 33 كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ده‌ست هێنا، و یەکێتیش بووە خاوەنی 17 کورسی. تائێستا دادگای فیدڕاڵی عێراق کۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسەند نەکردووە و کۆمسیۆن کۆتا ئاماری پاش پێشکەشکردن و لێکۆڵینەوە لە تانەی لایەنەکان نەخستۆتەڕوو.

بەڵام گفتوگۆی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو لەلایەک، لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەشێک لە لایەنە شیعییەکان و تۆمەتبارکردنی کۆمسیۆن و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە ئەنجامدانی تەزویر دۆخی سیاسی ئێستای عێراقیان داگیرکردووە.


PM:08:44:09/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 5980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت