سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: رانکی جیهانی زانکۆکانمان لە 10 هەزارەوە بۆ 3-4 هەزار بەرزبووەتەوە
پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین
وێستگەنیوز-
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین رایدەگەیەنێت، لەئێستادا کێشەی دەرچووانی نمرەبەرزی پۆلی 12 ی ئامادەیی چارەسەر کراوە و زانکۆکانیش هەموو هەوڵی خۆیان بۆ زیادکردنی کورسییەکانی خوێندن خستووەتەگەڕ، هەروەها لەئێستادا ئاستی زانستی زانکۆکانی کوردستان بەهۆی توێژینەوە، کۆنفرانس و ۆرک شۆپی نێودەڵەتی بەبەردەوامی بەرزدەبێتەوە و "رانکی جیهانی زانکۆکانمان لە 10 هەزارەوە بۆ 3-4 هەزار بەرزبووەتەوە".
پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "هەرچەندە گرفتی خوێندکارانی نمرە بەرزەکان لای ئێمە وەک زانکۆی سەڵاحەدین نیە چونکە هیچ کۆلێژێکی پزیشکی لە زانکۆکەمان نیە، بەڵام پێنج-شەش زانکۆ هەیە کە کۆلێژی پزیشکییان هەیە کێشەکە لای ئەوانیش نیە، بەڵکو داواکارییەکەیە، دوای ئەوەی بە هاوکاری جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا ئەو گرفتانە چارەسەرکران ئەوکات هەموو زانکۆ و مامۆستایانیش پێییان خۆشە خوێندکاران لەو کۆلێژانە وەربگریرێن کە خۆیان حەزی پێدەکەن".
لەبارەی لێدوانێکی وەزیری خوێندنی باڵاش کە وتبووی "لەماوەی رابردوو زانکۆکان چەند (ئیسحاق نیوتن و ئەنشتاین و تۆماس فریدمان)یان پێگەیاندووە کە بەزیادکردنی توانای وەرگرتن ئاستی خوێندن دادەبەزێت؟"، پڕۆفیسۆر د.جەوهەر فەتاح وتی، "هەموو ئەوانەی کە ئێستا لە کوردستان کار دەکەن و پلەی وەزیفییان هەیە، پزیشکن لە هەرێمی کوردستان، دەرچووی زانکۆکانی هەرێمن بەتایبەت زانکۆی سەڵاحەدین و هەموو زانکۆکانی تر، هەرچەندە زانکۆکانی هەرێم بە دۆخێکی تایبەتدا تێپەڕیوون بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەهۆی کێشەی دارایی لەگەڵ بەغداد".
ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە وەک هەموو زانکۆکانی کوردستان بەسەدان توێژینەوەی زانستیمان هەیە کە لە گۆڤارەکانی جیهان بڵاوکراونەتەوە، ئاستی زانکۆکانمان ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ڕانکیان بەرز دەکرێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر ساڵانی پێشوو ڕانکی زانکۆیەکمان 10هەزار بوبێت، ئێستا ڕانکەکەی گەڕاوەتەوە بۆتە 3-4 هەزار، ئەوەش هەمووی لە ئەنجامی ئەوەی چالاکی زانستی زانکۆکانمان بەهێزە چ لەڕووی توێژینەوە یاخود کۆنفرانس و ۆرک شۆپ کە لە ئاستی نێودەڵەتی ئەنجام دەدرێت".
لەبارەی سیستمی خوێندنیش کە وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، " ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا لەبەردەم کارەساتدایە"، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین باسی لەوەکردوە، "وەک زانکۆ حوکمییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەمان سیستمی خوێندنی زانکۆکانی وڵاتانی دەوروبەر دەڕۆین، ئێمەش وەک زانکۆکان وە خودی ”جەنابی وەزیر” و هەموو بەرپرسانی هەرێم تموحی ئەوەمان هەیە کە زانکۆکان زیاتر بەرەوپێش بڕۆن و پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆ جیهانیەکان هەبێت وە لە ڕانکی ساڵانەی زانکۆکاندا بێینە پێشەوە".
AM:09:44:02/11/2021
ئهم بابهته 1444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت