فراکسیۆنی نەوەی نوێ: دەبێت لەم مانگەوە موچە بەبێ لێبڕین بدرێت

‌فراکسیۆنی نەوەی نوێ

وێستگە نیوز-

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ھەموو پێوەر و ژمارە و ئاماژەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن کە حکومەتی ھەرێم پارە و داھاتێکی زۆری لەبەردەستە و دەتوانێت موچە بەبێ لێبڕین دابەشبکات و پرۆژەکان دەستپێبکاتەوە و ھەلی کار بۆ گەنجان برەخسێنێت".


دەشڵێت، "پێویستە دەستبەجێ بەم ئەرکانەی خۆی ھەستێت پێش ئەوەی ئارامگری فەرمانبەران و پێشمەرگە و گەنجانی بێکار کۆتایی بێت."

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "چیتر ھیچ پاساوێك نەماوە بۆ لێبڕینی موچە و پێویستە حکومەتی ھەرێم دەستبەجێ لەم مانگەوە کۆتایی بە لێبڕینی موچە بھێنێت و ٣٠ رۆژ جارێك لەکاتی خۆیدا موچە بە تەواوی دابەش بکات".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پاش ئەوەی یاسای بودجەی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و پشکی ھەرێمی کوردستان مانگانە بە ٩٥٦ ملیار دینار جێگیرکرا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە تەنھا پێویستی بە ٨٩٥ ملیار دینار ھەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەتەواوی و بەبێ لێبرین، بۆیە پێویستە حکومەت دەستبەجێ لە مانگی (نیسانی ٢٠٢١ )ەوە کۆتایی بە لێبرینی موچە بھێنێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "سەرباری ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم پارەی نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان و داھاتی ناوخۆ و ھاوکاری ھاوپەیمانان و پارەی فرۆشتنی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بۆ دەمێنێتەوە، ھاوکات ئەو بودجەیەی کە لە بەغداوە دێت لەپاش دابەشکردنی موچە بە تەواوی، ٦١ ملیار دیناری دەمێنێتەوە کە پێکەوە لەگەڵ ئەو داھاتەی لە سەرەوە باسکرا دەتوانرێت بۆ پرۆژەی گرنگ و ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان تەرخان بکرێت."

دەشڵێن، "بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایدەگەیەنین کە ھەموو پێوەر و ژمارە و ئاماژەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن کە حکومەتی ھەرێم پارە و داھاتێکی زۆری لەبەردەستە و دەتوانێت موچە بەبێ لێبڕین دابەشبکات و پرۆژە گرنگەکان دەستپێبکاتەوە و ھەلی کار بۆ گەنجان برەخسێنێت، پێویستە دەستبەجێ حکومەت بەم ئەرکانەی خۆی ھەستێت پێش ئەوەی ئارامگری فەرمانبەران و پێشمەرگە و گەنجانی بێکار کۆتایی بێت و جارێکیتر توڕەیی شەقام بەڕووی دەسەڵاتدا بتەقێتەوە."

لە ٣١ی مانگی ئازاردا پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی پەسەندکرد و لە پرۆژەیاساکەشدا پشکی هەرێمیش جێگیرکرا و بەپێی پرۆژەیاساکەش، لەم مانگەوە عێراق بەشەبودجەی هەرێم دەنێرێت و بەشێکی پەرلەمانتاران و هاوڵاتیانیش داوای لابردنی لێبڕینی پاشەکەوتی موچە دەکەن.


PM:06:21:19/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت