قسەیەك لەو ئەزموونەی كاك ئەبو بەكر كاروانی دەترسێ دووبارە ببێتەوە

‌ئازا حەسيب قەرەداخی

كاك ئەبو بەكر كاروانی لە پەیجی تایبەتی خۆی پۆستێكی لە ژێر ناونیشانی (خەریكە پێشبینەیەكە دێتە دی و ئەزموونی میسر دووبارە دەبێتەوە) بڵاو كردۆتەوە. پۆستەكە و پێشبینییەكە بەراوردە لەنێوانی رووداوەكانی هەرێمی كوردستان و میسر.

بەشبەحاڵی خۆم و بە حوكمی ئەوەی ساڵانێكی زۆرە كاك ئەبو بەكر دەناسم، هیچ گومانم لە نییەتی بەڕێزی نییە و دڵنیام كە چاوی لە چارەسەرە و لەو پێناوەدا ئومێدی لەسەر هەمووان هەڵچنیوە. بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی گووتەنی: "بەشێ لەوەی لەم هەرێمەدا روودەدات جگە لە دێوانەگی و شێتی هیچی تر نییە"، بۆیە پۆستەكەی بەڕێزیشی قسە هەڵدەگرێ، بەتایبەتی لەوەدا كە بە بڕوای من كاك ئەبو بەكر چەند هەڵەیەكی مەنهەجیی كردووە لە بەراوردكردنی نێوان ئێرە و میسر. لەو سۆنگەیەشەوە رووی دەمم لە كاك ئەبو بەكرە: 

1- نە ئێرە میسرە و نەمیسریش هەرێمی كوردستانە. بە پێودانگە و ئەزموون و ستراكچەری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی ئەم دووانە پێكناچوێنرێن، مەگەر لە توێژینەوەیەكی زانستیدا و لە سەكتەرێكی دیاریكراودا بەراورد بكرێن وەكوو دوو فاكتی زانستیی، نەك وەكوو دوو بونیادی لێكچوو.

2- ئەوێ دەوڵەت و ئێرە دەوڵەت نییە. جا زۆر جیاوازی بونیادیی هەر لەسەر ئەم دەوڵەتبوون و دەوڵەتنەبوونە هەڵدەچنرێ، كە پێدراوەكانی لە هەموو كایەكاندا رەنگدانەوەیان دەبێ.

3- نە بزووتنەوەی گۆڕان ئیخوان موسلمینە و نە پارتیش عبدالفتاح سیسییە. ئەگەر بەم جۆرە بەراوردت لە نێوانیاندا كردبێ، ئەوا بێگومان غەدرێكی زۆرت لە هەردووكیان كردووە.

4- بزووتنەوەی گۆڕان وەكوو ئیخوانەكانی میسر لەسەر حوكم نەبوون و پارتیش دەستەی ئەركانی سوپا نییە ئینقیلابی بەسەر بزووتنەوەی ئیخواندا كردبێ و لە حوكم دەری پەڕاندبێتن. برا لێرە پارتی خۆی بەشدار و پێكهێنەری هەرە كارای حكومەت و دامەزراوە سەروەرییەكانە. بزووتنەوەی گۆڕانیش سەرەڕای بەشدارێتی لە حكومەت و ژیانی سیاسی دیموكراسییانە، ویستوویەتی ئینقیلاب بكات و ئەو تەوافوقە سیاسییە تێك بدات كە دامەزراوەكانی لەسەر بنیات نراوە و گەورەترین و سەرەكیترین پێكهێنەری حكومەت و دامەزراوە سەروەرییەكان كە پارتییە ئاوتی بكات!!

5- كاك ئەبو بەكر، ئەوەی لەبارەی دادگا و هەڵمەتی دەستگیركردنەوە وتووتە هیچ لە پێشبینی ناچێ، بەڵكو لەوە دەچێت تۆ نەخشەت بۆ پارتی داناوە كە لە قۆناغی دوای ئەمەی ئێستا، لە رێی دادگاوە مۆڵەتی كاركردن لە بزووتنەوەی گۆڕان بسێنێتەوە و دەست بكات بە گرتنی ئەندامەكانی. بێگومان بەڕێزت مافی ئەوەتان نییە لەبری پارتی بیر بكەیتەوە و نەخشەی كاری قۆناغی داهاتوو دابنێیت. 

هەروەها مافی ئەوەیشت نییە نییەتی پارتی بخوێنیتەوە و بەم رادەیە ترس و خۆف بڵاو بكەیتەوە. بەڕێزت و هەمووانیش بینیتان لەلایەن هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە بارەگاكانی پارتی سوتێنران و تاڵان كران و ئەندامانی كوژران و راوەدوو نران، كەچی لەلایەن حكومەتی هەرێم كە ئەوانیشی تێدا نەمابوون، بارەگاكانیان پارێزران و هەفتەی رابردووش مەكۆی سەرەكییان لە هەولێر كرایەوە و كاروباری تێدا ئاساییە. ئیتر بۆچی بەڕێزت نوقڵانەی ئەو هەڵمەتە رەشبگیرییە دەدەی بێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی بڕوا پێكراو یان پشتڕاستكراوەت لەبەر دەستدا بێ؟! برا چۆن دەكرێ "عاقڵمەندان" بەم دیدگا و پێشبینییە رەشبین و مەترسیدارانەوە ئیش بۆ ئاشتی و ئارامی بكەن؟! ئاشتیخواز و ئارامیخواز پێشبینی ئاوا مەترسیدار ناكات بەڵكو ئەو دیوە لە سیناریۆكان دەبینێ و زەق دەكاتەوە كە ئومێدبەخشن و هانی ئۆقرەیی دەدەن.

6- لە جێیەكدا زۆر بە تۆخی وتووتە (دەبێت پارتی بە پلەی یەكەم). هەست ناكەی سیغەی (دەبێت) لەلایەن ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبێكەوە بۆ حزبێكی دیكە قورس و نەشیاوە.

7- من نازانم چۆن بەڕێزت كە بێگومان یەكێكی لە عاقڵمەندانی وڵات، كۆی كارو كردەوە و گوتاری سیاسی و راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕانت نادیدە گرتووە و لە پارتییەوە دەستت پێكردووە و لە بری پارتیش پێشبینیت كردووە و بە پلەی یەكەمیش بەرپرسیارێتیت خستۆتە ئەستۆی پارتی؟! مەگەر نەدەكرا بەڕێزت بە دوو دێڕیش بێ رەخنەیەك ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بكەیت كە گوێت لێ بوو باسی پەلاماردان و پانكردنەوەی سەری یەكێتییەكان دەكات؟! داوای جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان و بە پارێزگاكردنی دەكات لە عێراقدا؟! باسی سوك و چروك كردنی پەرلەمان و بێ ئەرزش كردنی پەرلەمانتار دەكات؟! پیلانی تەقەكردن لە قونسڵخانەكان و ڕفاندنی ئەندازیارانی كۆمپانیا بیانییەكانی ناو هەرێم دادەڕێژێ؟! بۆچی ئەو هەڕەشانەی لە تۆمارە دەنگییەكەی نەوشیروان مستەفادا هەن نادیدەت گرتوون؟! لە كاتێكدا تۆیش زۆر باش دەزانی كە هەڕەشەگەلێكی مەترسیدارن بۆسەر ئاسایش و تێكدانی سەقامگیریی وڵات. هەڕەشەگەلێكن كەسێكی ئاسایی نەیكردوون، بەڵكو كەسی یەكەمی بزووتنەوەیەك كردوونی كە ژمارەیەكی زۆر ئەندام و لایەنگری هەیە و بەشداری حكومەت و پەرلەمانە. ئەوانەی هەڕەشەشیان لێ دەكات بە هەموو پێوانەیەك ئاسایی نین، ئەوان كونسوڵخانەن كە نوێنەری وڵاتانی گەورەی دنیان. ئەوانی دیكەیش كۆمپانیای نێودەوڵەتین و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان وەك شەخسی مەعنەویی نێودەوڵەتی، هاوتای دەوڵەتان، مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بۆیە لێكەوتەكانی ئەو هەڕەشانەیش ئاسایی نابن.

لەوانەیە بەڕێزت بڕواتان بەو تۆمارە دەنگییە نەبێت!! ئەوەیان با بۆ مێژوو لە نێواندا بمێنێ تا ئەوكاتەی بڕوا دەهێنی كە دروستكراو نییە و راستە. بەڵام خۆ بزووتنەوەی گۆڕان بە درۆیان نەخستەوە، دەكرا تۆیش پشت ئەستوور بەوە قسەیەك بكەیت. یان دەكرا وەكوو چاودێرێك بە رێژەی 1% وەهای دابنێی راستە و لەوەوە شتێك بڵێیت. بەڵام نەتكردووە چونكە مەنهەجییەتی نووسینەكەت ئەوەیە كە باسی كردارەكانی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا نەكەیت و تەنیا باسی پارتی بكەیت. لەمەیشدا رێك هەر ئەوەیە كە باسی ئیخوان موسلمینی میسر ناكەیت چییان كرد، تەنیا باسی ئەوە دەكەیت كە سیسی چی كرد!!.


PM:09:06:07/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 2890 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی