عێراق لە کوردستان جیا بۆتەوە

‌بەختیار شاخی

ئەوەی  پێنجشەممە ٣١ـی٣ـی٢٠١٦ لە عێراق ڕووی دا، دەرکردنێکی ئاشکرای لایەنە کوردستانییەکان بوو لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و گێڕانەوەی هەمان مۆدیلی دەسەڵاتی بەعس بوو کە لە بەغداوە چەند "ئەمین عام"ـێکی دەکردە نوێنەری خەڵکی کوردستان.
ئەوەی عەبادی بە سیناریۆیەکی جوانی پێشوەختە لەگەڵ موقتەدا سەدر ئەنجامی دا، دوایین بزماربوو لە تابووتی "عێراقی فیدڕاڵ"ـیان کوتا. ئەوەیش لە کاتێکدا گوایە ئەمریکایش هۆشداریی دابووە عەبادی کە کارێک نەکات کورد لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە. 

ئەگەرچی ڕایەک هەیە کە ئەمە بەشێکە لە ململانەی ناوخۆی هێزەکانی شیعە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هیچکامیان لەسەر شکاندنی پشتی کورد، ناکۆک نین.

عێراق کە لەسەر بنەمای شەراکەتی دوو نەتەوەی کورد و عەرەب کرایە دەوڵەت، لە هەردوو ماوەی دەسەڵاتی سوننە و شیعەدا، بەشی کورد لەو شەراکەتە بریتی بووە لە ئەنفال و کیمیاباران و پەتی سێدارە و وێرانکردنی زیاتر لە چوارهەزار گوند. ئەگەر ئەوانە لە سەردەمی بێدەنگیی جیهانی جووتبلۆکیدا ڕوویان دابێت، ئەوە دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی شیعە چەندجارێک هەڕەشەی پەلاماری سەربازییان لە کوردستان کرد و بودجەی کوردستانیان بڕی و دواجاریش حەزی خۆیان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی مەرکەزیی بەغدا و پاشکۆیی کوردستان خستەڕوو، ئیدی بۆ ئێمە هیچ ئومێدێک بۆ ئەو پێکەوەژیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا نەماوە.

هەلومەرجی نێودەوڵەتی، شەڕی داسەپاوی داعش و ڕۆڵی سەرەکیی کورد لە شکاندنی ئەو هێزە دڕندەیە، گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە و هەندێ ئاماژەی پشتیوانیی لە دەرەوە، هەموو ئەمانە کوردستانیان لە سەربەخۆیی نزیک کردبۆوە، بەڵام ئەم هەنگاوەی بەغدا، دوا پارچەی ئەو پازڵە بوو کە وێنە شێواوەکەی عێراقی پێشان دا، عێراقێک بێ کوردستان. ئیدی کاتی ئەوەیە خۆمان بڕیار بدەین، سەربەخۆییمان دەوێت یان وەک پاشکۆ و کۆیلەی بندەستی عەرەبی شیعە و سوننە بە ملکەچی دەچینەوە بەغدا.


PM:09:16:31/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 3870 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی