بۆ هاوڕێم سلێمان عەبدوڵڵا یونس

‌بەختیار شاخی


پێم ناخۆشە ببینم ڕۆشنبیرێکی بە ویژدان، بە هەڵە یان ئەنقەست، بکەوێتە داوی فەوزەوی و پۆپۆلیزیمی زاڵی دەڤەری سلێمانی. ئەوان بە مەبەست هەموو پەیامێک دەشێوێنن، بەڵام ڕەنگە تۆ بەهۆی باش تێنەگەیشتن لە شێوەزاری بادینی، بەهەڵە لە قسەکانی سەرۆک تێگەیشتبیت.

لە وتارەکەی ڕۆژی ١٦ـی١١ـی٢٠١٦ لە باشیک، ڕووی قسەکانی سەرۆک لە جەماوەر و خەڵکی سلێمانی نەبوو، بارزانی زۆر بە ڕوونی قسە دەکات و لەکوێ مەبەستی بێت قسە بۆ خەڵک بکات، ئاماژەیان بۆ دەکات و لەکوێیش مەبەستی لایەنە سیاسییەکان بێت، دیسان شک ناهێڵێتەوە و هەرگیز پێچ و پەنای نەبووە و نابێت. 

ئەو ڕۆژە، سەرۆک بەڕوونی ئاماژەی کرد کە کێی مەبەستە. کودەتاچییەکان و ئەوانەی داوای کوشتنی کونسول و ڕفاندنی ئەندازیارانی بیانیی کۆمپانیاکانی نەوت و سووتاندنی بارەگاکانی پارتی دەکەن. مەبەست ئەوانە بوون کە لەوەتای هەن ڕق دەچێنن و کاریان بۆتە عەوامخەڵەتێنی. 

بۆیە ئەگەر لە عەوامخەڵەتێنییەکەیاندا سەرکەوتووبن، مایەی دڵگرانییە، ئەگەریش بگەنە ئاستی خەڵەتاندنی ڕۆشنبیران، دەبێتە کارەسات. هەڵبەت دەیشزانین، ئەوان لەگەڵ چەواشەکارییدا، ئیرهابێکی فیکرییش پێڕەو دەکەن، کە ئەوەی هاوڕایان نەبێت تەخوین دەکرێت وچەقۆ وەشێن و بەردە وەشێن و بارەگا سوتێن و دامبۆکس بەدەستەکانیان بەردەدەنە گیانی ئەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە. ئەرکی بەندە و جەنابت و ڕۆشنبیرانی بە ویژدانی سلێمانی وهەموو کوردستانە، ڕێگە بەو بەربەرییەتەیان بگرین.


PM:12:25:22/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 3473 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی