خوایە وڵات تەختڪەی...

‌ شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی


ئەوە نزای ڪابرایەڪی وڵاتێڪی عەرەبی تا سەرئێسقان ئیسلامیە, لە ناخۆشیەڪانی زیندانی وڵاتەڪەی زیاتر, هیچی تری بیر نەماوە.
زیاد لە شەش مانگە لەگەڵ دەروونناسێڪ ئەو نەخۆشە ئەبینین, ئەو بە چارەسەر و منیش وەرگێڕان.
هەموو ڪاتێڪی رۆژ و شەو, بیرەوەریەڪی تاڵی زیندان و ئەشڪەنجەدانی بیردێنێتەوە.
هەفتەی ڕابردوو لە منی پرسی:

باشە تۆش وەڪ من خەڵڪی وڵاتێڪی رۆژهەڵاتی و لە هەمان باڪگراوندەوە هاتووی, ئەگەر وەڪ من چاو بنووقێنی و هەڵبێنی هەر تاڵیەڪانی ئەوێت بێنەوەیاد, چ نزایەڪ ئەڪەیت و هیوای چی بۆ وڵات و میللەتەڪەت ئەخوازیت, ئەزانی من بەدڵ ئەخوازم وڵاتەڪەم تەختبێ و میللەتەڪەشم هەمووی لەناوچێ بەڵڪو ئەوانەش بگرێتەوە ڪە ئەشڪەنجەیانداوم و منیان ڪردە (نیوەپیاو)؟!!
بێگومان من بۆم نیە وەڵامی ئەو بدەمەوە, بەڵام پرسیارەڪەم بۆ دەروونناسەڪە وەرگێڕا.

 من لە ئازاری ئەو تێگەیشتووم, هەر لە یەڪەم دیدارەوە وێنەی دوای ئازادبوونی پیشانداین ڪاتێڪ دڪتۆرەڪان (ڪرم) لە برینەی شان و قۆڵی دەرئەهێنن, ئەو رۆژە هەستمڪرد جەستە و دەروونی چەند ئازاردراوە و ژیانی خۆی و هاوسەر و منداڵە وردیلەڪانیشی چۆن لێ بۆتە دۆزەخ.

ئەو ناتوانێ لەو یادگاریە تاڵانە ڕزگاری بێ لەسایەی سەرڪردە و جەللادەڪانی زیندان ڪە هەر ڪوڕی وڵات و نەتەوە و ئایینی خۆی بوون, هاتووە لێرەش دەروونناسێڪی ( کافر) بە قەولی موسڵمانانی عەیار 24 چارەسەری ئەڪا!!
من هەرگیز نزای بەد بۆ وڵات و میللەتم ناڪەم, بەڵام ئەڵێم:
خوایە هێز و مهر و خۆشەویستی بۆ ئەو مەخلووقە هەیە ڪە خۆی دروستیڪردووە و ناوی مرۆڤە, با چیتر ئەوە قبوول نەڪا:
هەندێڪ پڕبن و هەندێڪ قڕ.
هەندێڪ مووچەیان چەندین دەفتەر دۆلاربێ هەندێڪیش پارەی ڪڕینی دەفتەرێڪی سی پەڕی نەبێ بۆ مناڵەڪەی!!!
هەندێڪ ببنە قەڵغانی سەنگەر و هەندێڪیش لە تەڕی لەوەڕبڪەن و لە وشڪی بخەون.
هەندێڪ بە پشت کۆڵ لەپشت بازگەڪانی گومرگەوە ئاودیوبڪەن بۆ بژێوی ماڵ و مناڵیان و هەندێڪیش لە خاڵەڪانی گومرگەوە وڵاتێڪ بە سەروەت و سامانەوە ئاودیوبڪەن!!!

هەندێڪ بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بە عاموودی ڪارەبا هەڵگەڕێن و ڪارەبا بیانگرێ هەندێڪیش بۆ تاهەتایە لە دەسڪەوتەڪانی دەرچوون لە هەڵبژاردن بخۆن!!!
هەندێڪ ببنە پەیژە بۆ سەرڪەوتنی بەشێڪ و هەندێڪیش بە کورسیەوە بنووسێن!!!
بەشێڪی زۆری تاوانی خۆمانە و هەموو ئەوانەمان قبوولڪردووە..
خوایە وەرە دەنگ, وڵات ئاوەدانڪە بە وەرگێڕانی تەختی ئەو دز و شڕەخۆر و جاشانە, نەڪ وڵات تەختڪە!!!!


PM:12:37:09/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4919 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی