ئایندە…پلان… پارتی سیاسی

‌چرۆ شه‌هاب‌

ئەوەی گەشە بەخۆی نەدات ئەپوكێتەوە و لەناودەچێت، ئەم دەستەواژەیە ئەمڕۆ بۆكۆی پارتە سیاسیەكان لەسەرساحەی سیاسی و جەماوەر بە گونجاوترین دەستەواژە دادەنێم، ئەویش لەبەر یەك هۆی سەرەكی كە بە وشەیەك لەنێو دەشتەواژەكەدا هاتووە كە گەشەكردنە، گەشەكردن لە خودی ژیانی تاكەوە تا دەگاتە گەشەكردنی ئەدای سیاسی لەنێو پارتی سیاسی و بە كۆی دەزگاو دامەزراوە مەدەنیەكانیشەوە، بەخاڵی وەرچەرخان و دیاری كۆی پرۆسەكانی سوڕی ژیانیان دێت لە ڕووی شێوازی ئەدای كاركردنیانەوە.

گەشەكردن بە مەترسیدارترین قۆناغ دێت چونكە بونیاد نان و ئیستقراری پارت و دەزگاكان لە قۆناغەكانی گەشەكردنن، كەواتە بۆ دەستەبەركردنی ئەم قۆناغانە دەبێت بگەڕێینەوە سەر شێواز و ڕێچكەكردنی گەشەكردنەكە، چونكە ئەم قۆناغە بەردەوام زۆر هەستیارەو داواكاریەكان و بەدەنگەوەچونی هەستیارترین و وورد ترینن، ئەگەر بە تەندروستانە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت بێگومان پایەی سەرەكی لە ئیستقرارو بونیادنان دەكەوێتە بەر داخوران، چونكە لەم قۆناغەی گەشەكردندا پێویستمان بە گۆڕانكاری بەهێزو ڕیشەیی و بڕیاردانی كاریگەرە بە وردی .

ئاشكرایە برەودان بە پێكهاتە سەرەكیەكانی ناو هەر دەزگاو دامەزراوەیەك بەتایبەتی حزبییەكان بە شێوازێكی یەكسان دروست دەبێت و پێویستە پارێزگاری لەو گەشەكردنە بكرێت، هەروەها پێویست دەكات كاردانەوەی گەشەكردنەكە ڕەنگدانەوەی ئەرێنیمان پێ بدات، چونكە هەر لاوازیەك لەهەر پایەیەك ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر كۆی پایەكانی دیكە دەكات.

كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەردەكەوێت كەپێویستە دامەزراوە و پارتی سیاسی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ خواست و داواكاری و بەرژەوەندی هاووڵاتیان، ئەگەر پابەندی نەبن ئەوكات كاردانەوە پێچەوانەكە ڕوودەدات كە لەخواست و بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نەبێت.

هەر بۆیە پێویست دەكات پارتە سیاسیەكان بەتایبەتی كار لەسەر بونی پلانە ستراتیژیەكانیان بكەن كە بەشێوەیەك بێت بتوانێت لە ئەدایەكی ئەرێنی كارەكانیانەوە متمانەی جەماوەری دەرەوەی خۆیان بۆ لای خۆیان ڕابكێشن،چونكە پلانی ستراتیژی و كاردانەوە و بەرهەمەكانی موڵكی تەواوەتی ئەو پارتە سیاسیانەیە كە جێبەجێكاری داواو خواستەكانی جەماوەرن.

بونی پلانی ستراتیژی و جێبەجێكردنی چەند سودێكی هەیە،لەوانەش:
یەكەم: پلانی ستراتیژی و هەیكەلەی ڕێكخستنی پارتی سیاسی ڕێگەخۆشكاری دەكات لەپێناو ئەداكردنێكی گونجاو وباش و ڕەنگدانەوەی لایەنە ئەرێنیەكان بەشێوازێكی خێرا لەبارودۆخێكی گۆڕاودا، كە لەبەرژەوەندی پارتەكە دەبێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا پارتی سیاسی دەتوانێت بگات بە دەست نیشانكردنی خاڵی بەهێز و لاوازی، كەپێویست دەكات لەكارە پێشینەییەكانی بێت بۆ گەنگەشەكردن و بەدواداچونكردن بۆی.
دووەم: دەتوانرێت تێگەیشتنی ستراتیژی یارمەتی دەربێت لە دروست بونی هێزی دامەزراوەیی، كەتیایدا دەتوانرێت بیرو بۆچونە نەرێنیەكانی ناو پارتەكەی بەئاڕاستە ئەرێنیەكەدا ببات،چونكە دواجار ئامانجی سەرەكی گەشەكردنی پارتە سیاسیەكەیە.
سێیەم: پلان دەتوانێت پەیوەندیەكانی دەرەوە و كۆمەڵگەی سیاسی بەئاڕاستەیەكی بەهێزدا ببات، كە دواجار ئامانج لێی بەهێزكردنی پەیوەندیەكانێتی لە سەر بنەماو چوارچێوەیەكی دیاریكراو.
لەدوای سودەكانی ستراتیژیەتی دامەزراوە و پارتە سیاسیەكان پێویست بەوە دەكات بزاین بۆچی پلانی ستراتیژی گرنگە بۆ ئەم دامەزراوانە، ئەویش خۆی لەچەند خاڵێكدا دەبینێتەوە كە:

یەكەم:ئەگەر هاتوو پارتی سیاسی توانی خاڵی گرنگی گەشەكردنی لەنێوپلانەكەی دیاریبكات، بێگومان دەتوانێت هەلی گەورە لەسەركەوتن بۆخۆی دەستەبەر بكات و بە توانایەكی گەورەشەوە بەشێوازێكی پراكتیكی جێبەجێی دەكات،ئەمەش خاڵی گرنگ و وەرچەرخانە بەرەو چەسپاندنی گەشەكردنەكەی، لە ڕوویەكی ترەوە باشی پلان ئەوەیە كە پارتی سیاسی لەڕووی ئەدای كاركردنیەوە دەتوانێت موقارەنەی پارتی ڕكابەری خۆی بكات لەڕووی ئەداو بڕیار و بەڵێنەكانیانەوە لە ژینگەی ناوخۆیی و دەرەوەیدا، كە بێگومان بە بەرژەوەندی خۆیدا پراكتیزە دەكرێت.

دووەم: گرنگی دووەم خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە بەردەوام لە ئەپدەیتی نوێی پلانەكەیدا دەبێت بەپێی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی كە بەشێوازێكی كتوپڕ دێنە بەردەمی، كەبێگومان پلانی كتوپڕ خۆی دەخزێنێتە نێوچارەسەرەكان.
لەبیرمان نەچێت كە شێوازی كاركردنی ڕێكخستن خۆی لە دوو شێوازی سەرەكیدا دەبینێتەوە كە ئەوانیش پێشەنگی و گونجاندنە، كە لە شێوازی یەكەمدا بنكۆڵكاری لە ژینگەی چواردەورەكەدا دەكرێت،ئەویش خۆی لە گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراوە ژینگەییەكاندا دەبینێتەوە و ، لەكاتێكدا لە شێوازی دووەمدا ئاماژە بەوەكراوە كە هەستكردنە بە گۆڕاوە ژینگەییەكان و بەشێوازێكی پلەبەندی خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕاوانەدا دەگونجێنێت.

دواجار ئاستەكانی كاری ڕێكخستن لە شێوەی هەرەمیدایە،كە ئاستی كار بەڕێكار لە بنكەی هەرەمەكەدا خۆی دەبینێتەوە و پاشان ئاستی ئیداری دێت و لە لوتكەی هەرەمەكەش ئاستی ستراتیژی بەدی دەكرێت هەر بۆیە بۆ بەدەست هێنانی ستراتیژیەتی هەر پارتێك لە هەنگاونان بەرەو گەشەكردن و سەركەوتن دەبێت ڕەچاوی بنكەی هەرەمەكە بكات تا بتوانێت بە بەهێزی بیهێڵیتەوە.


AM:11:37:19/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 2106 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی