ريكه وتننامه و هزرى سه پاندن

‌سەلام عەبدوڵا

كەس لاری لەوە نییە حزبێك یان چەند حزبێك رێككەوتن لەنێوانیاندا بكەن و ئەمە لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیدا بەكارێكی بەجێ دەزانرێ، بەو مەرجەی مەبەست لێی توندوتۆڵكردنی ریزەكانی گەل و یەكخستنەوەی تواناكان بێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن و تۆكمەكردنی سەنگەرەكانی بەرگری. ئەمە كارێكی بەجێ و پێویستە و دەبێت نە تەنها دوو حزب، بەڵكو هەموو حزبەكانی كوردستان لە هەرێمدا پێكەوە لەو بەرەیەدا بن و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان و پاراستنی ئەمن و ئاسایش بكەن. 
د
بۆیە ئەوەی لەم رێككەوتنەی ڕۆژی سێشەممە لەنێوان یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان تێبینی دەكرێت، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە مەبەست لەم رێككەوتنە جۆرێكی تر بێت، چونكە هەندێ ماددەی تێدایە بۆ جۆری سیستەمی حوكمڕانی داڕێژراوە، كە جەوهەری ناكۆكی نێوان گۆڕان و پارتی بووە و كێشەكانی نێو پەرلەمان و ئەوانی، لەوەودوا، لە ئەنجامی ئەو دوو بۆچوونەبوون بۆ حوكمڕانی كە دەویسترا بەزەبری زۆرینە و كەمینە لە پەرلەماندا بسەپێندرێ كە سەری نەگرت. 

كەس نكۆڵی لە چاكسازی و شەفافیەت و سەروەوری یاسا و بە دامەزراوەیی كردنی سیستەمی حوكمڕانی و چەسپاندنی سیستەمی دیموكراتی لە هەرێمدا ناكات، بەڵام دوو لایەن یان چەند لایەنێك بێ ڕاپرسی ئەگەر بیانەوێ ئەو هزرەی خۆیان بسەپێنن، پشتگوێ خستنی گەلەو داماڵینی مافێكی ڕەوای گەلەكەمانە. 

ئێمەش لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی داین، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك بۆ هەرێم دەمانەوێت ئەو مافە ڕادەستی گەل بكەین و ئەوان بڕیار بدەن كە چ جۆرە سیستەمێكیان دەوێت، ئەمەش لە وڵاتانی دیموكراتیدا باوە. سەیری نیزامی مەلیكی بكەن لە ئینگلستان كە خاوەنی مێژووییترین و دیارترین دیموكراتییە لە جیهاندا ئایا ڕۆژێك لە ڕۆژان مەسەلەی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە مەلیكیەوە بۆ كۆماری یان هەر جۆرێك لە حوكمی تر خراوەتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمان بڕیاری لەسەرداوە؟! ئەمە لەڕاستیدا كاری پەرلەمان نییە، بۆیە ئەو وڵاتە شارستانییە لەو بڕیارانەدا تەنها پەنا دەباتە بەر ڕای گەل و لەڕیفراندۆم و گشتپرسیدا ئەو مەسەلەیە چارەسەر دەكەن. 

بۆیە دەتوانرا لەو رێككەوتننامەیەدا خاڵی دووەم هەڵگیرایە بۆ گشتپرسییەك لەو مەسەلەیەدا و ڕەچاوی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێم بكرابایە كە لە شەڕێكی چارەنووسسازدایە دژی داعش و پێویستی بە كەسایەتی كاریگەر و خاوەن ئەزموون و پێگە هەیە بۆ ئیدارەدانی ئەو دۆخە. هەربۆیەش مەكتەبی سیاسی بەڕاشكاوی نیگەرانی و هەڵویستی خۆی لەو رێككەوتننامەیە وەرگرتووە چونكە دەڵێت: جگە لە ئیرادەی گەل هیچ ئیرادەیەكی تر قبوڵ ناكات و ئەزموونی ڕابردووش دەریخست كە بێ پارتی ئیدارەی هەرێم ئەستەمە.


PM:12:08:19/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 3632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی