چارەنوسی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ..

‌سالار سەراوی

تادێ کێشە و ناکۆکیەکانی ناو باڵەکانی "یەکێتی" زیاتر پەرەدەسێنێ ، چەند رۆژی رابردوو لە لێواری تەقینەوەدا بوو ، بەردەوامیش ئەو ئەگەرە ھەیە ، ھەموو سەرکردە ناکۆکەکانی ناو "یەکێتی" سەرەڕای ھەموو ناکۆکیە ئاشکرا و ڕونەکانیان کە خۆیان نەیانشاردۆتەوە و بەئاشکرا قسەی لەبارەوە دەکەن ، مەسەلەی جێگەکەی "مام جەلال" و ھێز و پارە و پێگەی خۆیان و کوڕەکانیانە ، بەڵام ئەوەی کە بەئاشکرا قسەی لەبارەوە ناکرێ چارەنوسی خودی "ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدە" کە لەم نێوەندەدا وەکو فاکتەری سەرەکی کێشەکان و بەربەستی بەردەمیان لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی خۆیان ھەژماریان کردووە ..

دوای نەخۆشکەوتنی "مام جەلال"، "ھێرۆ خان" ئێستا لە ڕووی واقعی ئەو بارودۆخەی ڕووی لە "یەکێتی" کردووە ، دەوری سکرتێر یان کەسی یەکەمی حزب دەبینێ بۆ "یەکێتی" ، دیارە ئەمری واقع "ھێرۆ خان"ی کردە کەسی یەکەم و بڕیار بەدەستی "یەکێتی" ، یەکەم بەسیفەتی ئەوەی ھاوژین و کەسی یەکەمی "مام جەلالە" ، دووەم بەسیفەتی ئەوەی ژنە و تەمەنەکەی وایلێکرد بە خوشکی گەورە بیخوێننەوە لەناو مەکتەبی سیاسیدا..

بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ نیگەرانن لە سەرپەرستیاری "یەکێتی" لەلایەن "ھێرۆ خان"ەوە ، ھەر ئەوانەن کە پێشتر داوایان لە "مام جەلال" کرد "ھێرۆ خان" بێنێتە ناو مەکتەبی سیاسیەوە ، لەپاڵ ئەمەشدا کوڕەکانی خۆیان بەرنە ناو سەرکردایەتی ، بەڵام "مام جەلال" ڕازی نەبوو ، ئەو دژی بردنە پێشەوەی خێزان و کوڕەکانی بوو ، تا شەوی پێش کۆنگرەی "یەکێتی" ، دوای داواکاری و خواستێکی زۆر "مام جەلال" ڕازی بوو بەو مەرجەی کوڕەکانی نەبن و ھاوژینەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی تردا بچنە سەرکردایەتی "یەکێتی" ، ئەمەش وەک پارسەنگێک بۆ ژنان لە ناو حزبێکی سۆسیال دیموکراتدا لە ناوچەکە و کوردستان ..
 بەڵام ئەم پشتیوانیکردنە لە "ھێرۆ خان" بۆ بوون بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەشداریکردنی لە بڕیار و سیاسەتەکانی حزب ، زۆری نەخایاند و ئەوانەی لە سەرەتاوە پشتیوانی بوون ھەر زوو کەوتنە ململانێ لەگەڵیدا، ئەمڕۆکە ھۆکارەکانی ھەرچیەک بن ، ئێستا ئەو وەک ژنێک و یەکێتیش وەک حزب ڕووبەڕوی کۆمەڵێک تەنگژە و ھەرەشەی لێکترازان و جیابوونەوەی ھەندێ لە پیاوە سیاسیەکانی ناو حزب بۆتەوە ، کە بەشی زۆری دۆخی خراپی ناوخۆی حزب، ھۆکارەکەی دەخرێتە ئەستۆی ئەم ژنە ، گەرچی من لە نزیکەوە نازانم روئیا و تێگەیشتن و ئامانجی خودی خۆی چۆنە و چیە بۆ تێپەڕاندن یاخود چارەسەکردن و پڕکردنەوەی کەلێنەکان ، بەڵام دەمەوێ لێرەدا خوێندنەوەی بۆ بکەم و بەتێگەیشتنی خۆم بڵێم کە چارەنوسی خۆی و دواتریش "یەکێتی" بەکوێ دەگات ...!!

بەر لە ھەموو شتێک راستیەک ھەیە دەبێ بوترێ ، ئەویش ئەوەیە کە "ھێرۆ خان" لە ئێستادا تاکە ژنە لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا سەرپەرشتی و ئیدارەی بڕیارەکانی حزبێکی سیاسی گەورەی خاوەن قوربانی و خەبات و مێژوو لە لایەک و حزبێکی پڕ کێشمە کێش بکات لە لایەکی ترەوە ، ئەو ئێستا تاکە ژنە لە دوای "بەنەزیر بۆ تۆ لە پاکستان" جێگە و پێگەی حزبی بەھێزی ھەبێ و خەریکە خۆی بکاتە ژنێکی کارێزما لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان و ناوچەکە ، بەڵێ ئەوە کارێزمایی و جەسوری و بوێری ئەو ژنەیە کە بەتەنھا بەرەو ڕووی دەیان پیاوی سیاسی وەستاوەتەوە و ئەوانیش ناتوانن ھیچ ھەنگاوێک باوێن جگە لە دروستکردنی دەنگۆ و ھەرەشەی ئیعلامی و خۆ تۆراندن ..!!

ئەودەمەی "مام جەلال" نەخۆش کەوت ، بەشێکی زۆری دۆست و نەیارەکانی نێوخۆی "یەکێتی" و دەرەوەی یەکێتیش ، چارەنوسی "ھێرۆ خان"یان بە چارەنوسی ژیانی "مام جەلال"ەوە بەستبۆوە ، ھەروەک ھاوژینەکەی "یاسر عەرەفات و ماوتسی تۆنگ" ھەژماریان دەکرد ، دەیانگوت؛ ئەگەر "مام جەلال" بمرێ ، ئەوا وەکو ژنەکەی "عەرەفات و ماو" لەسەر دەستبەسەراگرتنی حزب و دەسەڵات و بڕیار و دارایی و ھێزی حزب تووشی لێپرسینەوە و سزادان دەبێ و چارەنوسی بەخراپی کۆتایی دێ ، بەڵام سەرەنجام وادەرنەچوو ، بەو ھەموو ململانێ و دژایەتیەی دەکرێ و ئەو رەخنە و تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێ تا ئێرە باشی ھێناوە و ھێواش ھێواش لەگەڵیدا دەڕوات، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا خاڵی گرنگی سەرکەوتنە ..

گەرچی "ھێرۆ خان" بەدەر نیە لە رەخنە و ھەڵە ، وەک کۆی ھەموو سیاسیەکان و سەرکردە حزبیەکان بەگشتی لە ناوچەکە و کوردستان بەتایبەتی ، ئەویش خاوەنی ھەندێ کەموکورتی و ھەڵەیە ، بەڵام ئەم ژنە پێچەوانەی پیاوەکانی حزب ، ھەڵەکانی گەورە و مەترسیدار نین ، ھەڵەکانی ئاماژەی لێکترازان و تێکدانی ناوماڵی "یەکێتی" نین ، ھەڵەکانی ھەرەشەی بچوکردنەوەی "یەکێتی" نین ، داوای بەش بەشێنە و میراتی مێژوویی و سیاسی "یەکێتی" نەکردووە .... ھتد، بەڵام دیارترین ھەڵەکانی ئەوەیە کە نەیارەکانی پێی دەڵێن؛ ئەو ژنە نەیتوانیوە دایکێکی میھرەبان بێ بۆ ھەمووان ، نەیتوانیوە بەیەک چاو سەیری کوڕەکانی بکات لە حزبدا ، ئەو نەیتوانیوە پاروە نانەکان بە یەکسانی بکات بەدەمی کوڕەکانی حزبدا، ئەو لە ئێستادا ھێندەی سەرقاڵی نەخۆشیەکەی "مام جەلالە"، نیو ھێندە بەکێشەکانی یەکێتیەوە سەرقاڵ نیە ، ھەرچەندە من بڕوام وایە رەنگە ئاسان نابێ لە کۆمەڵگە و حزبێکی پیاوسالاردا ژنێک بتوانێ ئیدارەی ئەو ھەموو قەیران و کێشە و گرفتانە بدات ، لە لایەکی تریشەوە ھاوسەنگەرەکانی دوێنێ "مام" ھێندەی خەریکی قایمکردنی پێگە و بەرژەوەندیەکانی خۆیان و کوڕەکانیانن ، نیو ھێندە ھاوکار نین لەگەڵ ئەم ژنەدا بۆ بەدیھێنانی ئامانج و سیاسەتەکانی ئەو حزبەی لەپێناویدا دامەزراوە ..

یەکێکی تر لەو رەخنانەی کە لە "ھێرۆ خان" دەگیرێ ، دەور و پێگەی "شاناز خان"ی خوشکێتی ، کە بەشێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی نیگەرانن لە قسە و ھەڵوێست و نوسینەکانی "شاناز" ، چەندجارێک و بەشێوازی جیاواز ھەوڵیانداوە دوربخرێتەوە یان ھیچ نا بێدەنگ بکرێ ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون ..

بەر لە ماوەیەک چەند کەسێک داوای دورخستنەوەی "شاناز" دەکەن ، لە وەڵامدا "ھێرۆ خان" دەڵێ؛ بەدەر لەوەی کە ئێمە خوشکین ، شاناز پێگەی تایبەتی ھەیە لای من ، چونکە لە ساڵی ( ۱۹۹۸ )ەوە ھەرچیەکی بە من وتبێ و ھەر خوێندنەوە و پێشبینیەکی بۆ کردبێتیم ، راست دەرچووە ، لەبەر ئەوە بیر لە شتی وا مەکەنەوە ..

سەرەرای بوونی ھەندێ رەخنەم لە خودی "شاناز خان" ، بەڵام ئەو راستیە باش دەزانم کە "شاناز خان" داینەمۆی سیاسەت و ھەنگاوەکانی ھێرۆ خانە ، ئەوان ئێستا پێکەوە ھەوڵی بەدیھێنانی ئامانجەکانی "یەکێتی" دەدەن و جگە لە تۆمارکردنی سەروەری بۆ "یەکێتی" و دواتریش بۆ خۆیان ، دەیانەوێ وەک دوو ژن ناو و ناوبانگی "مام جەلال و ئیبرایم ئەحمەد" خامۆش نەبێتەوە ، ھەرچەندە لە کوردەواریدا دەوترێ کە وەجاخی باوک یان ماڵ بە کچ کوێر دەبێتەوە بەڵام بەپێچەوانەوە "ھێرۆ خان و شاناز خان" نەک بەتەنھا وەجاخی "ئیبراھیم ئەحمەد"یان رۆشن کردۆتەوە ، بەڵکو ماڵی گەورەی یەکێتیشیان پاراستووە ئەگەر لێیان تێک نەدەن ..!!

کۆتایی ، ھەرگیز نەمشاردۆتەوە ، من یەکێک بووم لەو کەسانەی پێچەوانەی ئەوانە راوبۆچوونی خۆم دەربڕیوە کە وتوویانە؛ "ھێرۆخان" چارەنوسێکی خراپی دەبێ ، خۆڕاگری ئەو ژنە لەھەمبەر ئەو ھەموو رق و کینە و توڕەیی و کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕوی کراوەتەوە ، ئاماژەی سەرکەوتن و گەیشتنە بەئامانج ، وە پێموایە کە پێچەوانەکەی راستە و ئایندەی "یەکێتی" لە دەستی ئەم ژنەدا دەبێ ، مێژووی دوێنێی شاخ لە ھەمان سەنگەری "مام جەلال"دا و و کار و چالاکیە مرۆڤدۆستیەکانی ئەمڕۆی شاری گەواھیدەری ماندوێیتی ئەم ژنەن ، ھەروەھا پشوو درێژی و بێدەنگیەکەی یەکێکن لە خاڵە ھەرە بەھێزەکانی سەرکەوتنی ئەم ژنە ، دواجاریش چەقاندنی پێییەکانی و وەستانەوەی بەرامبەر بەو سەرکردانەی داوای میراتی "یەکێتی" دەکەن ئاماژەی ھەر خاڵی بەھێزی و بوێرییەتی ، ئەو چەندین جار بە ئاشکرا وتی؛ لە ئێستا و داھاتووشدا کەس بۆی نیە باسی جێگەکەی "مام جەلال" بکات ، بەڵام ئەوانەی روبەرووی بونەتەوە نەیانتوانیوە نە بڵێن بۆ ، نە ھەنگاوێکی عەمەلی دژ بەمە ھەڵگرن ئەگەر بەراستی مەبەستیانە..!!

بۆیە ھەڵوێست و سیاسەت و ھەنگاوەکانی "ھێرۆ خان" تەواو پێچەوانەی ئەو سەرکردە سیاسیانەیە کە زوو زوو ھەڵدەچن و ھەنگاوی ھەڵەشانە و نابەرپرسیارانە دەنێن ، من پێموایە ئایندە و چارەنوسی "یەکێتی" لە دەستی ئەم ژنەدایە و چارەنوسی ئەم ژنە لە چارەنوسی ھەمووان ڕۆشنتر و سەرکەوتووترە ، باشترە بڵێم؛ چارەنوسی "ھێرۆ خان" لە چارەنوسی ھەموو ئەو پیاوانەی حزب باشترە کە شانازی بە پیاوبوون و ھێز و سمێڵیانەوە دەکەن و بەتەنھا ھەمووی خەمی گەورەیان پێگە و بەرژەوەندی و ئایندەی خۆیان و کوڕ و دارودەستە و باڵ و تەکەتولەکانیانە ..!!



AM:11:56:05/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 9053 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی