ئێمە چۆن دەچینە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە؟

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ هەڤاڵانی پارتیمان

هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا پێناسەیەکی ڕاهای دیموکراسی نیە، بەڵکو توخمێکی گرنگە لە پێناسەی دیموکراسی (وەک پاکێج). بەواتایەکی تر مەرج نیە کە لە وڵاتێکدا یان لە کۆمەڵگایەکی ئینسانیدا هەڵبژاردن کرا، ئیتر ئەو وڵاتە و ئەو کۆمەڵگایە دیموکرات بن.

کۆمەڵگای ئێمە لە سەرەتا هەنگاوەکانی خۆیدایە بەرە و دیموکراسی، رێگاکەمان زۆر دوورو درێژە، کەمیمان بڕیوا و هێشتا ززۆرمان ماوە بگەینە مەقسەدێکی ئارام کە لە ئاست تموحەکانماندا بێت. لە هەموو بوارەکانی فکر، زانست و تەکنۆلۆژیا، ئەدەب و پەروەردە و سیاسەت و… تا دێت، لەدوای خەڵکی ترەوەین. هەتا ئێستاش تەرزی بیرکردناوای داگیرکار بەسەر زۆربەماندا زاڵی و نەبوینەتە خاوەنی شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوە کە تایبەت بە خۆمان بێت و لاسایکردنەوە نەبێت. بێگومان ئەمەش بۆ میللەتێکی بێ دەوڵەت زۆر ئاساییە. ئەم کێشانە سەریەشەی زۆر لەو میللەتانەی ئەفریقا، لاتین ئەمەریکا و خۆرهاڵاتی ناوەڕاستن کە ساڵەهای ساڵە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن.

لە ئێستادا کە لە سەروبەندی دەسپێکی بانگەشەی هە ڵبژاردنداین، دەبێت بە دوور لە تەزویر و تەشهیر کردن بە بەرامبەر لەچوارچێوەی ڕێبازەکەی بارزانی، ڕێبازی کوردایەتی و بەخشەندەیی و تەوازوعەوە بچینە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە.
دەبێت ئەوەی بە خۆمانی ڕاوا دەبینین و بە مافی دیموکراسی خۆمانی دەزانین، بە مونافیسەکانیشمانی ڕاوا ببینین. پڕۆگرام و بەرنامەی خۆمان بگەیەنینە دەنگدەران و، نەهێڵین بە شتی لاوەکی و بێ مستەواوە مەشخوڵمان بکەن. دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەبیر بێت کە لە شەڕی نێوان کەسێکی (بە ئەدەب) و کەسێکی (بێ ئەدەب) دا هەمیشە ئەو کەسەی کە (بە ئەدەب)ە زەرەرمەند دەبێت، چونکە ئینسانی (بە ئەدەب) شەرم و حەیای بە خۆیەتی، بەڵام ئینسانی (بێ ئەدەب) بێ دایک و باوکە و لە جنێو خواردن و بێڕیزیکردن بەرامبەری خۆشە بوە… بەڵام

هەمو شتێک سنووری خۆی هەیە. هەمیشە کەسانێک دەمێننەوە کە لە زمانی ڕێز و حورمەتلێنان تێناگەن. ئەگەر ئینسان لە بەرامبەر بێڕێزی و سنوور بەزاندنی ئەو جۆرە کەسانە بێدەنگ بێت، ئەوا یان بە گێلت دەزانن یان بە ترسنۆک. بۆیە ئەگەر کار گەیشتە ئەوەی بڕیار بێت قانونی دارستان بەرقەرار بێت، بۆمانەوە لە مەیداندا دەبێت هەڤاڵان میتۆدی خۆیان بگۆڕن وەڵامی دەرزی بە سوژن بدە نەوە. دەبێت هەڤاڵانمان لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بێڕێزن و بوختانی نابەجێمان بۆ دەکەن هەتا ئەوپەڕی توانا توندبن و بە هیچ جۆرێک دەست لە هیچ کەس مەپارێزن. بەڵام دیسان لێرەشدا جیاواز لە هەندێک کەس و لایەن مەبدەئێکی ڕێبازی کوردایەتی هەیە کە نابێت بیبەزێنین، کە ئەویش دەست نەبردنە بۆ کەرامەتی خوشک و دایک و کچ و خێزانی مونافیسە نەزانەکانە. چونکە ئێمە یەک میللەتین و نابێت پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەکەماندا لەوەی کە هەیە  (کە زۆر ناحەقی بەرامبەر دەکرێت) زیادتر بشێوێنرێت.

ئەنجامی هەڵبژاردن لە دوو حاڵەت زیادتر نیە. یان بردنەوە، یانیش دۆڕاندن. بەشداری شەرە فمەندانە ئەوەیە کە دۆڕاندن قوبوڵ بکەین و پیرۆزبایی لە مونافیسە براوەکەمان بکەین، ئەگەریش براوە بوین تەوازوع نەدۆڕێنین. هیوای بردنەوە بۆ پارتیمان لەم هەڵبژاردنەدا دەخوازم، هیواداریشم پڕۆسەی بانگەشەکە لە کەش و هەوایەکی دیموکراسیانە و شارستانیانە بەڕێوە بچێت.


AM:08:39:15/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 4054 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی