گەڕانەوە بۆ جەللاد

‌ ئاسۆ حاجی

ئەحمەد مەتەر، شاعیری عێراقی دەڵێ "خەڵك لە ‌وڵاتی ئێمە دوو جۆرن ، یان هاووڵاتین یان سوڵتان.. مرۆڤمان نییە".

ئەوە بەرهەمی كولتووری یەكڕەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە‌ كە مرۆڤەكان بە قەدەرێكەوە گرێدەدات خۆیان بڕیاریان لەسەر نەداوە،‌ بەڵكو بەسەریاندا سەپێنراوە و بووەتە كولتوورێكی باو، ئایا وڵاتی ئێمەش هەمان لێكدانەوە دەیگرێتەوە؟ بێگومان دەیگرێتەوە،‌ چونكە درێژبوونەوەی هەمان كولتوورە و كەسەكانیش یان سوڵتان یان هاووڵاتین، پەیوەندیی سوڵتان و هاووڵاتیش لە كولتوور و مێژووی ئەو ناوچەیە مێژوویەكی تژی لە ترس و دڵەڕاوكێیە كە كەسیان بڕوایان بەوی دیكە نییە، بۆیەشە سێبەری سوڵتانەكان زۆر جار دەگاتە ژووری نووستنەكانیش.

رێگا‌ی پێشكەوتن و گۆڕان خێرا و ئاسان نییە وەك ماری كوری پێناسەی دەكات، چونكە پچڕاندنی كولتووری و مەعریفی پێویستە كە لەگەڵ قۆناغی بەر لە ئێستا لێكی دابڕن، ئەوەش كەسانێكی گەرەكە وەك بیرمەندەكانی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان كە شێوازی تێهزرین و ژیانیان گۆڕی و بە خۆشیان گەورەترین قوربانییان لەو پێناوەدا دا، بەڵام ئایا ئێمە كەوتووینەتە سەر هەمان ڕاستە رێگای پێشكەوتن؟ ئایا بیرمەندی قوربانیدەر و خۆنەویستمان هەیە؟

رۆشنبیران لە جیاتی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، تا ئێستا لە بن سێبەری سیاسییەكان پیاسەی خۆدەرخستن و‌ دەوڵەمەندبوون دەكەن، بۆیە خەڵك دەستی لەوانیش شووشتووە، كەواتە هاوكێشەكان هەر وەك خۆیان ماونەتەوە، بە شێوەیەك كە هەنووكە ئەگەر سەربردەی سوڵتانەكانی هەزار ساڵ و سەد ساڵ و دە ساڵ بەر لە ئێستا بخوێنیەوە، جیاوازییەك لە ناوەڕۆكی بیركردنەوە و مامەڵەكردنیان لەگەڵ خەڵك نابینی، چ جیاوازییەك لە نێوان خەلیفە و سوڵتان و مەلیك و سەرۆككۆمار و سەرۆكەكانی ئێستا هەیە؟ مەگەر ئەوان بەهێزترین كەس و دەوڵەمەندترین و بێمنەتترین كەس نین، لە رابردووی خەلیفە و سوڵتانەكان یان ئەو كتێبانە ماون كە پێیاندا هەڵگوتوون یان ئەو كۆشك و تەلارانە ماون كە بۆ خۆیان یان كوڕ و كچەكانیان دروستیان كردوون یان بۆ ژن و دڵخوازەكانیان.

ئەو سیاسیانەی لەماڵە بابان تۆراون هەر لەژێر بانی هەمان خانوو ماونەتەوە و تەنها دەرگایان گۆڕیوە، قەت گوێت لێیان نابێ شەڕ بۆ كەمكردنەوەی هێزی حیزب بكەن لە بەرژەوەندی خەڵك، لە دروستكردنی بارەگا و كۆمپانیا و پڕۆژەی وەبەرهێنان دەست بە ململانێ دەكەن وەك ئەوەی بارەگای حزبی پێویستتر بێت بۆ ئاواكردنی كۆمەڵگایەكی موئەسەساتی یان باخچەی ساوایان و قوتابخانە و كتێبخانە؟ من نازانم بەرزكردنەوە و زۆركردنی باڵاخانە پێویستترە یان ئاوەدانكردنەوەی مێشكی خەڵك و بەرزكردنەوەی بڕوا بەخۆبوونیان؟ دەبێ سیاسیەكان و بەرپرسان ئەو راستیە نەزانن كە چەند باڵاخانە بەرزتر بن، مرۆڤەكان بچوكتر دیار دەبن ! یان مەبەستەكەیان لە بنەڕەتدا هەر ئەوەیە.

پێشتر بوونی ئازادییان بە دەرچوونی ژمارەی بڵاوكراوە و نووسینی ئەوەی پێت خۆش بوو لێكدەدایەوە، بەڵێ دەتوانی هەر چی بتەوێ بنووسی، جا ئەگەر بە ناوی خۆشت بڤە بێ ئەوە دەكرێ بە ناوی خوازراو بێت، بەڵام مەسەلە ئەوە بوو نە كەس گوتارەكانی دەخوێندەوە نە كەس گوێی دەگرت مەگەر جوێنت پێدابان، ئەوانەش كە جوێنیان دەدا مەبەستیان دیار بوو، هەر كە دەمیان چەور دەكرا یان ترومبێلێكی نوێیان دەدانێ ناویشیان بزر دەبوو، ئێستاش لەگەڵ پارچەبوونی حیزبەكان و توندبوونی ململانێكان ئەو كاسبیە توندتر لە جاران سەری هەڵداوەتەوە، ژمارەی زۆری بڵاوكراوەكانیش لەمێژە نهێنیەكەیان وەدیار كەوتووە كە زۆربەیان سێبەری سیاسیەكانن جا چ دەسەڵات بێ یان ئۆپۆزسیۆن.

سیاسیەكان زوو كاریان لەسەر بێڕێزكردنی وشە كرد بۆیە بە سەدان بڵاوكراوەیان لە رێگای جاشقەڵەمەكانیان دەركرد بۆ ئەوەی هەموو نووسینەكان و هەموو ئەوانەی دەشنووسن بێنە یەك ریز، تا وایان كرد بێزت لە ژمارەیەكی زۆری بڵاوكراوەكان ببێتەوە و شەرم بكەی بڵێی رۆژنامەنووس یان نووسەرم، سیاسیەكان تاكە براوەی ئەو شەڕەن لە كوردستان، ئەوانەش كە لێیان كۆبوونەتەوە كەرەستەی درێژەپێدانی ئەو شەڕەن ، شەڕێك كە ترس و گومان دەچێنێت و پارە و دەسەڵات قازانج دەكات، شەڕێك كە قوربانیەكانی بریتین لە حەقیقەت و دادپەروەری و مرۆڤدۆستی و سوڵتانەكانیشی بریتین لەوانەی لە هەموو كەس زیاتر ئەو چەمكانە بەكاردەهێنن بەبێ ئەوەی بڕوایان پێ بێت یان ڕێزی بۆ دابنێن.

شەڕی دەسەڵات دەخەنە چوارچێوەی شەڕی پیرۆز و جیهادكردن، دروشمی نا بۆ سوڵتانیبوونی سیاسیەكان و بە سەڵتەنەتكردنی وڵات بەرزدەكەنەوە لە پەنای ئەو گوفتار و كردارانەشیان تەنها كار بۆ جێگرتنەوە دەكەن لە كۆتاییشدا منداڵەكانیشیان دەبنە سوڵتان و منداڵەكانی ئێمەش تەنها هاووڵاتی. لە فەرهەنگی سیاسی رۆژهەڵاتیش هاووڵاتی یەكسانە بە قوربانی، بۆیەشە باشترین دروشمەكانی ئێمە قوربانت بم یان قوربانی بن یان كە بمانەوێ دڵسۆزیی خۆمان رابگەیێنین، یەكسەر دەڵێین ئێمە ئامادەی قوربانیدانین لە پێناو حزب و حكومەت و وڵات، چونكە لە فەرهەنگی ئێمەدا حزب و حكومەت و وڵات یەكسانە بە سوڵتانەكان، ئای كە ناخۆشە خۆت قوربانی بی و ئەركیشت پەروەردەكردنی قوربانیی دیكە بێت بۆ سوڵتانەكانی ئایندە، لەوەش خراپتر ئەو قسەیەی سارتەر بتگرێتەوە كە دەڵێ: "ركم لەو قوربانیانەیە كە رێز لە جەلادەكانیان دەگرن".


PM:02:58:18/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 911 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی